دەزگای قەزایی لە مەهاباد، بارمتەی چالاکێکی سیاسیی کوردی زەوت کرد

19:21 - 17 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی مەهابادی بەهۆی خۆ بواردن لە گەڕانەوەی بۆ زیندان، بارمتەکەی لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە زەوت کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بارمتەی ٥٠ ملوێن تمەنیی زیندانییەکی سیاسیی پێشووی کورد بەناوی جەماڵ محەمەدی و کوڕی مەلا رەحمان بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامی دەستی بەسەردا گیرا.

ئەو هاووڵاتییەی کوردە ساڵی ٨٩ بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراو لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ بڕایەوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد بڵاوی کردەوە، ئەو چالاکە سیاسییە کوردە پاش تێپەڕکردنی نیوەی حوکمەکەی، بە دانانی ٥٠ ملوێن تمەن بارمتە مەرەخەسیی پێدراو لە کاتی دیاریکراودا لە چوونەوە بۆ زیندان خۆی بوارد.

یەکێک لە نزیکانی ئەو بنەماڵەیە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ جەماڵ محەمەدی لە ئێستادا رووی لەدەرەوەی وڵات کردووە.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، بەردەوام لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە بەرەوڕووی هەڕەشە و فشار دەبنەوە.