دەزگای قەزایی لە مانگی ژانوویە، حوکمی ٥٣ ساڵ و ٧ مانگ زیندانی تەعزیری و ئێعدامی بۆ ١٦ هاووڵاتیی کورد بڕیەوە

20:25 - 17 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: ١٦ هاووڵاتیی کورد لە مانگی ژانوویە زایینی، لە لایەن دەزگایی قەزایی حکوومەتی ئێرانەوە، بە ٥٣ ساڵ و ٧ مانگ زیندانی تەعزیری و ئێعدام مەحکووم کراون.

بە پشتبەستن بە ئەو ئامارە، ١٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد، بە تۆمەتی \"سیاسی و ئەمنییەتی\" لە لایەن دادگاکانی ئینقلابی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، ٥٣ ساڵ و ٧ مانگ زیندانی تەعزیرییان بۆ بڕاوەتەوە و دوو زیندانیی سیاسیی دیکەی کورد بە ناوەکانی ڕامین حوسێن‌پەناهی و هیدایەت عەبدوڵڵاپوور بە ئێعدام مەحکووم کراون.

تەواوی ئەو هاووڵاتییانە بە تۆمەتگەلێ وەک \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" و \"پڕوپاگەندە بە دژی نیزام\" تاوانبار کراون.

زیندانییانی سیاسی لە ئێران زۆربەیان ئەندامانی گرووپە سیاسییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، وەبلاکنووسان و ڕۆژنامەوان، چالاکانی کرێکاری و کەمینە ئایینەکانن. ئەوان بە تۆمەتگەلێ ناڕوون لەژێر ناوی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" لە زینداندان.

لە زۆربەی کاتەکاندا زیندانییانی سیاسی و عەقیدەتی لە دادگایی کردنی دادپەروەرانە و هەبوونی پارێزەر بێبەشن. زۆربەی زیندانییان پاش دەسبەسەرکردن بۆ ماوەی چەند مانگ لە گرتووخانە و ژوورە تاکەکەسییەکان چارەنووسیان ناڕوونە و هەروەها لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە زۆرەملێ و لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە ناچار بە دانپێنان دەکرێن.

بەپێی یاسای نوێی ئایینی دادڕەسی کەیفەری ئێران، ئەو زیندانییانەی کە بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نێوخۆیی و دەرەکی ئێران\" تاوانبار کراون، لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان پارێزەرەکەیان لە نێوان پارێزرەی دیاریکراوی دەزگای قەزایی هەڵدەبژێرن.

ئەوە ئامارە ڕێژەیییە و بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاوکراوەتەوە. سەرەڕای نەبوونی میدیای ئازاد و زاڵبوونی کەشوهەوای ئەمنییەتی بەسەر کوردستاندا، شیمانەی ئەوە دەکرێت، کە ئەو ئامارە لەو زیاتر بێت کە بڵاوکراوەتەوە.