دەزگای قەزایی لە تیکاب لەبەر چاوی خەڵک قامچی لە هاووڵاتییەک دا

16:11 - 27 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ جارێکی دیکە حوکمی قامچی لێدانی هاووڵاتییەکی کوردی لەو شارە و لە پێش چاوی خەڵک بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٢٧ی بانەمەڕ، بە ئامادەبوونی دادستان و نوێنەری دادگوستەری و هەروەها فەرماندەکانی هێزی ئینتزامی و ئاگاهیی شاری تیکاب، کەسێک بەناوی \"وەحید. چ\" هاووڵاتیی کوردی دانیشتووی شاری تیکاب ٩٠ قامچی لێدرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری تیکاب رایگەیاند؛ ئەو هاووڵاتییە کوردە، کە بە دەستدرێژیی جنسی تۆمەتبارە، ماوەی زیاتر لە ١ ساڵە لە زیندانی شاری تیکاب لە دەستبەسەری‌دایە.

نوێنەری دادستانی شاری تیکاب، کە لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەو حوکمەی دەزگای قەزایی‌دا لە شوێنی قامچی لێدانەکە ئامادە بووە، گوتویەتی: \"ئێمە لێرەوە هۆشداری ئەدەین بە لاوەکان، کە ئەگەر کردەوەی وەکوو ئەم تۆمەتبارە ئەنجام بدەن، تووشی ئەم سزا و چارەنووسە دەبن\".

پێشتریتش لە رێکەوتی ٦ی خەزەڵوەری ساڵی رابردوودا کەسێکی خەڵكی شاری تیکاب بەناوی حوسێن خوسرەوی، کە بۆ چارەسەریی بەردی گورچیلە ئابجۆی بەکار هێنابوو، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی \"شرب خمر (خواردنەوەی مەی)\" ٨٠ زەربە قامچی لێدرابوو.