دەزگای قەزایی دوو هاووڵاتیی دیکەی کوردی لەسێدارە دا

19:53 - 17 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا:بە ئامادە بوونی بەشێک لە بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد دوو هاووڵاتیی کورد ئێعدام کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانیی ئەمڕو ١٧ی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"ڕەحیم محەممەدپوور\" و کەسێکی دیکە بە ناوی\"مێهدی\" لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد حوکمی ئێعدامیان بەڕێوەچوو.

ڕێکخراوی مافی مڕۆڤی ئێران، هەواڵی ئێعدامی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە سیدارە دراوەی پەیوەندیدار بە مادەی سڕکەر ڕاگەیاندووە.

هەروەها، ڕۆژی سێ‌شەممە ١١ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد بە ناوی ئیرج حامیدی کوڕی جەهانگیر، لە زیندانی ناوەندیی شاری سەڵماس ئێعدام کرا.

سەرەتای مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بەرپرسانی زیندانی شاری سەڵماس دوو هاووڵاتیی دیکەی کوردیان بە ناوەکانی بەختیار خالیدی و شۆڕش میرزاپووریان لەسێدارە دا.

هەرلەو پەیوەندییەدا، شەوی سێ‌شەممە، سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە زیندانی\"دەریا\"ی شاری ورمێ، بە ناوەکانی \"دەروێش مونەزەمی\"،\"شوعەیب حاتەمی\" و \"فەرهاد مەنسووری\" ئێعدام کران.

بە ئێعدام کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ئەمە نۆیەمین ئێعدامە، لە ماوەی ئەم ١٧ ڕۆژدا لەلایەن بەرپرسانی قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە زیندانی مەهاباد و ورمێ بەڕێوە دەچێت.

ئەحمەد شەهید ڕێپۆڕتێڕی پێشووی تایبەتی مافی مڕۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئێران، لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا سەبارەت بە بارودۆخی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و بە تایبەتی لە ڕەوتی ئێعدامەکان، بە توندی ڕەخنەی لەو وڵاتە گرت.

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا(٢٠١٥)، لە نێوان ٩٦٦ هەتا ١٠٥٤ حاڵەتی ئێعدام لە ئێران ڕوویداوە، کە ئەو ڕێژەیە بەرزترین ڕێژەی ئێعدام لە ئێران لە دوو دەیەی ڕابردوودا پیشان دەدات.