دەزگای قەزایی دوو لاوی روانسەری بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد

13:41 - 5 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: دادگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری روانسەر، دوو لاوی کوردی بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوولاوی کوردی خەڵکی روانسەر لە ئوستانی کرماشان،پاش ئەوەی لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، هەر کامەیان حوکمی ١ ساڵ زیندانیی تەعزیرییان بۆ بڕایەوە، رەوانەی زیندان کران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری روانسەر، ناوی ئەو دوو لاوە کوردەی سۆران ئەحمەدی، تەمەن ٢٠ ساڵ و کوڕی ئەنوەر و نەوید ئەحمەدی کوڕی ئەمیر راگەیاندووە.
\"23310.jpg\"
سۆران ئەحمەدی، بە ئەندامەتی لە یەکیک لە حیزبە کوردییەکان تۆمەتبار کراوە
دەگوترێ، ئەو ئەو دوو لاوە کوردە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی روانسەرەووە بە ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تۆمەتبار کرابوون و دادگای روانسەریش بەو تۆمەتە ئەو دوو لاوەی بە زیندان مەحکووم کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری روانسەر بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە؛ ئەو دوولاوە کوردە، کە ئامۆزای یەکتر بوون، رۆژی شەممەی ئەم حەفتەیە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەیان رەوانەی زیندانی شاری پاوە کراون.

رەوتی فشار بۆ سەر هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنیی کورد لە کاتێکدایە، کە حەسەن رۆحانی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا باسی لە \"هەڵسووکەوتی نەرم\" لەگەڵ ناڕازییاندا کردبوو، بەڵام تەنیا لە ماوەی یەک حەفتەی رابردوودا چەندین کەس لە چالاکانی مەزهەبیی و مەدەنی کورد لە شارەکانی کوردستان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراون.