دەزگای قەزایی، دارایی چالاکێکی سیاسیی کوردی زەوت کرد+بەڵگه

14:57 - 13 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری سەقز، کە بەهۆی فشاری دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشتبوو، داراییەکەی دەستی بەسەردا گیرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فریار ساڵحی تەمەن ٢٨ ساڵ و چالاکی سیاسیی کوردی خەلکی شاری سەقز، لە ماوەی رۆژانی رابردوودا دارایی و ماشێنەکەی بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لەو شارە، زەوت (مصادرە) کرا.

\"22455.jpg\"
فریار ساڵحی بە دانانی ١٠٠ ملیۆن تەمەن بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو
فریار ساڵحی کە ساڵی ١٣٩١ بەهۆی چالاکیی سیاسییەوە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقزەوە دەستبەسەر کرابوو، پاش سێ مانگ راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعات و زیندانی شاری سەقز، بە دانانی ١٠٠ ملیۆن تەمەن بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، کە پاش ١٥ رۆژ لە ئازادکرانی لە زیندان حوکمی ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕابوویەوە، پاش ١ ساڵ مانەوە لە زیندان، سێ ساڵ لە حوکمەکەی بۆ کرایە هەڵپەسێردراو.

بە گوتەی نزیکانی بنەماڵەی ئەو چالاکە سیاسییە، ناوبراو پاش ئازادکرانیشی بەردەوام بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان دەکراو لە ژێر چاوەدێریی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا بوو، کە مانگی پووشپەری ئەمساڵ بەهۆی فشاری لە رادەبەدەری ئەو هێزانەوە بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت و رووی لە دەرەوەی وڵات کرد.
\"22456.jpg\"