دەزگای قەزایی حوکمی زیاتر لە ٦ ساڵ زیندانی بۆ وێنەگرێکی کورد بڕیەوە

14:08 - 8 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری ورمێ وێنەگرێکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشاری بە ٦ ساڵ و سێ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، وێنەگرێکی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار، بە ناوی \"سەعید ئەحمەدی\" کوڕی محەممەد پاش ٨ مانگ ناڕوونی لە چارەنووسی، بە ٦ ساڵ و سێ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

سەعید ئەحمەدی لە دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" تاوانبار کراوە.

\"\"
سەعید ئەحمەدی
ڕۆژی هەینی ٢٠ی ڕەشەمە، مەئموورە ئەمنیەتییەکان، لە شاری پیرانشار هێرشیان کردە سەر دووکانی وێنەگریی \"نایس\" و خاوەن دووکانەکەیان دەسبەسەر کرد.

سەرچاوەی هەواڵدەریی کوردپا، ئەوەی پشتڕاست کردەوە؛ کە بنەماڵەی سەعید پێشتر خاوەنی\" پێشینەی سیاسی\" بوون و باوکی سەعید لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا لە لایەن ‌هێزە ئەمنیەتییەکانەوە بێسەروشوێن کراوە و هەروەها برایەکی سەعیدیش ساڵی ڕابردوو، لە زانکۆی ورمێ لە خوێندن بێبەش کراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەزەڵوەر، لقی یەکی دادگای نیزامیی ورمێ سەربازێکی کوردی بەبێ بوونی پارێزەری دیاریکراو بە ١٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ئەردەبێڵ مەحکووم کرد.

دادسەرای نیزامیی ورمێ، ئەو سەربازە کوردەی بە \"سیخوڕی و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزسیونەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" تاوانبار کردووە.

ئەو حوکمە قورسەی دەزگای قەزایی ئێران کە بە دژی ئەو سەربازە کوردە دەر کراوە، لە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەزەڵوەر ناوبراوی لێ ئاگادار کراوەتەوە.