دەزگا و هێزە حكوومەتییەكان پێش بە كۆچی كوێستانیی ئاژەڵدارانی كورد دەگرن

14:51 - 28 جۆزەردان 2712
كوردپا: هێزەكانی سەر بە حكوومەتی ئیسلامیی ئێران پێشیان بە كۆچی كوێستانیی ئاژەڵدارنی ناوچەی ماكۆ بۆ لەوەڕگەكانی ناوچەی چاڵدوران گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی كوردپا، لە حاڵێكدا كە ئاژەڵدارانی ناوچەكانی ماكۆ دیانهەویست بەرەو ناوچەكانی چاڵدوران كۆچ بكەن لە نزیك شاری ئاواجیغ پێشیان پێگیرا.

بەپێی دوایین زانیارییەكان بەشێك لە ئاژەڵداران گەڕێنراونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان و بەشێكی دیكەش لە نزیك شاری ئاواجیغ خێوەتیان هەڵداوە.

هەر لەو پێوەندییەدا جەنگڵبانیی شاری چاڵدوران رایگەیاندووە، ئاژاڵدەران زۆرتر لە كاتی كۆچ كردن روویان كردۆتە ناوچە كوێستانییەكان و هەر بۆیەش پێشیان پێگیراوە.
\"4888.jpg\"
ئەمە لە حاڵێك دایە كە شایەتحالان لەو باوەڕەدان كە ئەوان سەردانی جەنگڵبانییان كردووە و لەلایەن ئەو ناوەندەوە پێیان راگەیەندراوە كە دەتوانن كۆچ بكەن.

پێشتریش وەرزێڕ و ئاژەڵدارانی ناوچەی \"بوورلان\"ی ماكۆ رایانگەیاندبوو: \"ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەكان و جەنگەڵبانی بە داڕشتنی گەڵاڵەیەك پێش بە كاسبیی ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیە دەگرن\".

هەواڵنێری كوردپا لەزاری ئاژەڵدارانی ئەو ناوچەیەوە رایگەیاندبوو: \"ئەم هەوڵەی رێكخراوی سەرچاوە سروشتییەكان و هێزی ئینتزامی لە راستای پێشگیری لە كار و كاسبی و بژیوی ژیانی هاووڵاتییانی كوردی ئەو ناوچە دایە و بەردەوام ئەو چەشنە كارانە دووپات دەبێتەوە و لە رابردووشدا كاری لەم چەشنە لە هەمبەر هاووڵاتییانی كورددا ئەنجام دراوە\".