دەرکەوتن و جێگۆڕینی مینە شاراوەکان هەڕەشەن بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد

17:03 - 10 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: بارینی باران و لافاو لە شارەکانی کوردستان، بوونەتە هۆی دەرکەوتن و جێگۆڕینی مینە شاراوەکانی سەردەمی شەڕ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بارینی باران و لافاو لە شارەکانی \"مێهران، قەسرشیرین، مەریوان و ئیلام \" و جێگۆڕینی مینە شاراوەکان و کەرەستە بەجێماوەکان لە شەڕی ئێران و عێراقدا، بوونە هۆی نیگەرانیی دانیشتووانی ئەو شارانە.

دانیشتووانی شارەکانی مێهران، قەسرشیرین و ئیلام، لە ڕۆژەکانی ڕابردوودا، بە بڵاوکردنەوەی وێنەگەلێک لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا، نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بە دەرکەوتن و جێگۆڕینی مینە شاراوەکان و کەرەستە بەجێماوەکانی سەردەمی شەڕ، دەربڕی.

\"بێهنام سادقی\"، چالاکی بواری خاوێنکردنەوەی زەوی لە مین، لە خووزستان و ئیلام، بە بڵاوکردنەوەی بابەتێک لەژێر ناوی \"لافاو بەخەبەربوونەوەی مینە نوستووەکان\"، سەبارەت بە دەرکەوتن و جێگۆڕینی مینە شاراوەکان لە کوردستان و خووزستاندا هۆشداری داوە.

ئەم چالاکەی بواری خاوێنکردنەوەی مین لە بابەتەکەی خۆیدا تیشکی خستووەتە سەر ڕووداوگەلێک کە بە هۆیتەقینەوەی مینە ئاوماڵشتییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و وتوویەتی: دوو ساڵ پێش ئێستا، لە ٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاویدا کە کرێکارێکی شارەداری بە ناوی پژمان حسێنی، کە بە درمەغ ، خەریکی خاوێن کردنەوەی قەراخی ڕووباری مەهاباد \"چۆمی سابلاغ\" بوو، بە هۆی لێدانی درمەغەکەی لە مینی بەجێماو لە جەنگ لاقی بریندار ببوو، لە جۆزەردانی هەمان ساڵدا، بنەماڵەیەک کە لە تراکتۆر بۆ هات و چۆ کەڵکیان وەرگرتبوو لە کاتی پەڕینەوە لە ڕۆخانەیێک لە دەشتی وەزنێ لە سەردەشت چوونەتە سەر مینی دژە تانکەوە و دوو کوڕی ئەو بنەماڵە دەسبەجێ گیانیان لەدەست دابوو.

ئەو کارناسە دەڵێت: جۆری زەوی، ڕادەی سستبوونی خاک، سەرەولێژیی زەوی، تەوژمی بارینی باران و تەوژمی ڕەوتی ئاو، لە هۆکارەکانی گرینگی جێگۆڕینی مینەکانن.

ناوبراو، لەم بابەتەدا خوازیاری هوشیارکردنەوەی خەڵکی کوردستان و خووزستانی بووە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراوە، لە لایەن وێبلاگی \" مین و ژیان\"، ٦٢ هاووڵاتی بە هۆی تەقینەوەی مین، لە درێژەی ساڵی ٩٧دا کوژراو و بریندار بوونە.