دەرکردنی حوکمی ئێعدامی دووبارە بۆ دوو زیندانیی کورد

14:27 - 18 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، حوکمی ئێعدامی دووبارەی بە سەر دوو زیندانیی سیاسی کورددا سەپاند.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو زیندانیی سیاسی کورد، لە گرتووخانەی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، بە ناوەکانی \"سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە\" لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر \"چابۆک\" بە تۆمەتی\"محاربە\" (شەڕ لەگەڵ خودا) حوکمی دووبارە ئێعدام کردنی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە پەسەند کرا.

\"\"
سابیر شێخ عەبدوڵڵا
پێشتریش، ئەو دوو هاووڵاتییەی کوردە، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە کورد بە تاوانی \"دانانی بۆمب\" و ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

پێشتر، ماڵپەڕی\"بوڵتن نیووز\" سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات، شوناسی سێ کەسی بە ناوەکانی\"دیاکۆ رەسووڵزادە، حوسێن عوسمانی و ساڵح شێخ عەبدوڵڵا\" بڵاو کردبووەوە، کە ئەو سێ کەسە بە تاوانی \"دانانی بۆمب\" و \"ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئێران\" بە ئێعدام مەحکووم کراون.