دەرکردنی حوکمی شەش ساڵ زیندانی بۆ پارێزەرێکی خەڵکی سەقز

13:03 - 20 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: پارێزەرێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز، لە لایەن قازی سەڵواتی، بەرپرسی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران به شەش ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

به پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتیی \"ئیسنا\"، \"ئارش کەیخوسرەوی\"، کوڕی ڕەشیدخان، پارێزەری خەڵکی شاری سەقز، لە لایەن قازی سەڵواتی، بەرپرسی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە به شەش ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

\"ئەبووزەر نەسروڵلاهی\"، لە وتووێژ لە گەڵ \"ئیسنا\"دا، لەمبارەوە ڕایگەیاندووە: \"بریگرتەکەی من به تۆمەتی کۆبوونەوە و تەبانی به ٥ ساڵ و هەروەها به تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی دژ به نیزام به ساڵێک زیندان مەحکووم کراوە که یەکێک لەم دوو حوکمە جێبەجێ دەکرێت.\"

دانیشتنی موحاکمەی ئارش کەیخوسرەوی، ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی سەرماوەز لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاراندا به بەرپرسایەتیی قازی سەڵواتی بەڕێوە چووبوو.

ئەم پارێزەرە کوردە، ٢٧ی گەلاوێژ پاش کۆبوونەوە لە بەردەم بینای مەجلیسی ئێراندا، به تۆمەتی \"کۆبوونەوە و تەبانی بۆ کردەوە دژ به ئاسایشی نەتەوەیی\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئەم پارێزەرە سەقزییە، ئێستاکه له زیندانی \"فەشافوویە\" ماوەی حوکمەکەی خۆی تێپەڕ دەکات.