دەرکرانی بەکۆمەڵی کرێکارانی شیرکەتی \"مسکن مهر \" لەسنە

14:10 - 10 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی بەردەوامی دەرکردنی کرێکارانی کورد لە پرۆژە و شیرکەتە پیشەسازییەکان، پەیمانکاری پرۆژەی مەسکەنی \"مێهر\"ی دگایرانی سنە، کۆمەڵێک لە کرێکارانی خۆی لەسەر کار دەرکرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شیرکەتی \"نیما ساز گستر\" کە پەیمانکاری پرۆژەی مەسکەنی \"مێهری شارۆچکەی دگاریانی سنەیە، لە کاتێکدا مووچەی دوو مانگی رابردووی کرێکارانی نەداوە، ٦٠ کرێکاری خۆی بە بیانووی نەبوونی بودجە، لەسەر کار دەکرد و چالاکیی شیرکەتەکەشی راگرت.

ئەو شیرکەتە، کە رێکەوتی ١ی بەفرانبار کرێکارانی خۆی لەسەر کار دەرکردووە، بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی کرێکاران، پەیمانکاری پرۆژەی ١٧٠٠ خانووبەرەیی مەسکەنی مێهر بەلێنیی ئەوەی بە کرێکاران دابوو، کە رێکەوتی ٦ی بەفرانبار چالاکییەکانی دەست پێ دەکاتەوە.

ماڵپەری کۆمیتەی هاوئاهەنگی بڵاوی کردۆتەوە، پاش تێپەڕینی ١٠ رۆژ بەسەر دەرکران و داخرانی شیرکەتەکەدا، هەتا ئێستا بەڵێنیی پەیمانکاری پرۆژی مێهری مەسکەن جێبەجێ نەکراوە.

دەگوترێ، لەگەڵ ئەوەیکە کرێکارانی ئەو شیرکەتە مووچەی دوو مانگی رابردوویان وەرنەگرتووە، هەر کام لە کرێکارانیش پێشینەی ٣ هەتا ٥ ساڵ کارکردنیان لەو شیرکەتەدا هەبووە.

کرێکارانی ئەو شیرکەتە، سەرەڕای ئەوەیکە لە ماوەی کار کردنیان لەو شیرکەتەدا هەموو ماف و مەزایای وەک (بۆن، کەوش، جلەبەرگ) بێبەری بوونە، سەرجەمیشیان بە ناچاری بە شێوەی گرێبەستی کاریان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە رێکەوتی ٦ی بەفرانبار، ٣ کرێکاری شیرکەتی کانگەی سێڕی ئاغدەڕەی تیکاب، بەهۆی فشاری دەروونییەوە، کە ئەنجامی دەرکرانیان لەسەر کار بوو، ، لە بەردەم ئەو کانگە زێڕەدا هەوڵی خۆکوشتنیان دا.

شیرکەتی پوویا زرکان\" کە خاوەنکاری کانگەی زێڕی ئاغدەڕەیەو شیرکەتێکی سەربە سوپای پاسدارانە، بە بیانووی هاتنی وەرزی سەرما، کرێکارانی شیرکەتەکەی لەسەر کار دەکردبوو.