دەروێشەکانی سنە بۆ مەحکووم کردنی (داعش) هاتنە سەر شەقام+وێنە

14:39 - 16 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێکی بەرچاو لە دەروێشی تەکیە و خانەقاکانی شاری سنە، بۆ مەحکووم کردنی کردەوەکانی داعش هاتنە سەر شەقام.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دروێشە کوردەکانی سەربە دوو تەریقەتی (قادری و نەقشبەندی) وێڕاێ دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردانەی کە کەوتوونەتە بەر هێرش و پەلاماری داعش، کار و کردەوەکانی \"دەوڵەتی ئیسلامی\"شیان مەحکووم کرد.

لەو خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەدا سەدان دەروێشی کورد بە دەف ژەنی و زیکرکردن لە بلواری \"نمەکی\" یەوە هەتا بەردەم مزگەوتی جامیعە، بەشدارییان کردبوو.

ئەو رێوڕەسم و خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیەی دەروێشەکانی سنە بە دژی داعش، لەگەڵ پێشوازیی هاووڵاتییانی کوردی شاری سنە بەرەوڕوو بۆتەوە، کە تیایدا سەدان هاووڵاتیی کوردیش بەشداری خۆپیشاندانەکە بوون.

خۆپیشاندانی دەروێشەکانی سنە، لەلایەن موهەندیس حیسام شەریعەتی، سەید بەهادین حوسینی، خەلیفە جەلال زەندی، شێخ تاهیر حوسێنی بەرپرسانی تەریقەتی (قادریە و نەقشبەندی)یەوە رێکخرابوو.

چەکدارانی خەلافەتی ئیسلامی لە کاتی هێرش بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی عێراق و سووریا، دەیان مەزارگە، تەکیە، خانەقا و هەروەها پەرستگەی ئایینە جیاجیاکانیان تەقاندۆتەوە.

دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش کە پێڕەوی لە رەوتی سەلەفیی جیهادی دەکات، دەروێش و تەریقەتەکان بە لادان لە ئایینی ئیسلام تۆمەتبار دەکات.

بەگوتەی موختار هۆشمەند شارەزای ئیسلامی سیاسی، داعش بۆ بەڕێوەبەردنی بەرنامە ئایینییەکانی ئیسلام و دابەزاندنیان لە کۆمەڵگەدا، لەو بارەیەوە تەنانەت ئەلقاعیدە بە شلڕەو تۆمەتبار دەکات.

دوابەودوای هێرشی چەکدارانی \"داعش\" بۆسەر ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، هاووڵاتییانی کورد بە وەڕێخستنی کەمپەین لە شارە جیاجیاکانی کوردستان وێڕای یارمەتی کردن و دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان لە هاونیشتمانانی کوردستان، کار و کردەوەکانی داعشیشیان لەمەڕ کۆمەڵکوژ کردنی خەڵکی کورد، مەحکووم کرد.

\"24058.jpg\"

\"24059.jpg\"

\"24060.jpg\"

\"24056.jpg\"

\"24052.jpg\"

\"24054.jpg\"

\"24053.jpg\"

\"24055.jpg\"

\"24063.jpg\"