دەرهێنەرێکی کورد: خۆسووتاندنی ژنان لە ئیلام پێویستی بە ئاوڕی جیددی هەیە

17:36 - 12 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی حکوومەتی ئێران رێگری لە لێکۆڵینەوەی هونەرمەندان سەبارەت بە دیاردەی خۆ سووتاندن لە ئوستانی ئیلام دەکەن.

\"جەعفەر نوور محەممەدی\" دەرهێنەری کوردی خەڵکی شاری ئیلام لە وتوێژ لەگەڵ هەوالدەریی \"ئیسنا\" سەبارەت بە زیادبوونی دیاردەی خۆ سووتاندن لە ئوستانی ئیلام رەخنەی لە بەرپرسانی ئەو ئوستانە گرتووە و رایگەیاندووە: بەرپرسانی حکوومتی رێگری لە هونەرمەندانی خۆجێی دەکەن کە سەبارەت بە دیاردەی خۆ سووتاندن لێکۆڵینەوە بکەن بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە فیلم دروست بکەن.

ئەو هونەرمەندە کوردە ئەوشی خستۆتەڕوو، هەتا ئێستا لەسەر ئیزنی بەرپرسانی حکوومەتی چەندین فیلمی وەک \"بمانی\" سەبارەت بە دیاردەی خۆسووتاندن دروست کراوە، بەڵام هیچ کامیان نەیتوانیوە لە خزمەت نەهێشتنی ئەو دیاردەیەدا بێتو تاکە ئامانجیان بەشداری کردن لە فستڤاڵە نێودەولەتییەکان و بەدەست هێنانی ناو نیشان بووە.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە کە دیاردەی خۆ سووتاندن لە ئیلام لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رووی لە زیادبوون کردووە و پێوستە لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ئاوڕی شێلگیرانەی لێ بدرێتەوە.