دەركرانی پێرسونێلی تەختی سولێمان/ داهاتووی ناڕوونی ئەو ئاسەوارە جیهانییە

16:52 - 28 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: بەرپرسانی ئاسەواری فەرهەنگی ـ مێژوویی تەختی سولێمان فەرمانبەران و كرێكارانی ئەو بینایەیان لەسەر كار دەركردووە و بە دەركرانی پێرسونێلەكان، داهاتووی ئەو ئاسەوارە جیهانییە چۆتە بازنەیەکی ناڕوونەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەسەرەتای مانگی خاكەلێوەی ساڵی ٩٢ی هەتاوی‌یەوە زیاتر لە ٣٠ كرێكار، كارناس لەبەشەكانی نوێژەنكردنەوە، توێژینەوە و راهێنەری ئاسەواری \"تەخت سلێمان\"‌ی تیكاب لەكار بێكار كراون و هەتا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

پێرسونێلی ئەو ئاسەوارە مێژووییەی كوردستان لەلایەن رێكخراوی میرات فەرهەنگی‌یەوە لەسەر كار دەركراون و لەگەڵ گەڕانەوەشان بۆ سەر كار دژایەتیی دەربڕیوە.

یەكێك لەفەرمانبەرانی تەختی سولێمان هۆكاری ئەو دەركردنانەی بۆ \"پێویست نەبوونی ئەو ناوەندە بە پێرسونێل\" گەڕاندۆتەوەو رایگەیاندووە: زۆربەی ئەو كەسانەی دەركراون پێشینەی ١٥ ساڵ کار کردنیان هەیە.

شەهرام شەوقی لەلێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی ئیسنا گوتوویەتی: لەحاڵی حازردا كێشە و قەیران بەرۆكی كرێكاران و كارمەندانی دەركراوی گرتووەو بۆ دابین كردنی بژێوی ژیانیان لەگەڵ كاری ئەستەم بەرەوڕوون.

دەكردنی پێرسونێلی بەشەكانی، نوێژەنكردنەوە، توێژینەوە و راهێنەری ئاسەواری \"تەخت سلێمان\"‌ی تیكاب لەحاڵێكدایە كە ١٠ كیلۆمێتری چوارگۆشە لە رووبەری ئەو ئاسەوارە تۆمار كراوە و ئێستاش بێ‌چاوەدێر و نیگابان ماوەتەوە.

دەگوترێت ئەو ئاسەوارە فەرهەنگی ـ مێژووییە توانای دابین كردنی كار بۆ ٥٠ كەسی هەیە.

بیاڤی ئاسەوارناسی یەكێک لەو باسە پڕ لەكێشە و مشتومڕانەی میرات فەرهەنگییە، كە لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا لەگەڵ ئاستەنگ و ئاریشەی زۆر بەرەوڕوو بۆتەوە و بەوتەی بەرپرسی میرات فەرهەنگی و پێشە دەستییەكان، ئەگەر بودجەیەكی ١٠٠%‌یش بەئێمە بدرێت، هێشتا ناتوانین وڵامدەری هەموو بینا مێژووییەكان ببین.

ئاسەواری تەختی سولێمان بە ١٢ هێكتار رووبەر لە دوای شۆڕشی ٥٧‌ی ئێران بە یەكەمین شوێن دێتە ئەژمار كە تۆماری \"یونێسكۆ\" كراوە و یەكێك لە ئاسەوارە كەوناراییەكانی سەردەمی ماد، ساسانی و ئیلخانییەكانە و ئاتەشگەی ئازەرگوشنەسب، کە ئاتەشگەی پیرۆزی زەردەشتییەکانە، لەو شوێنەوارە مێژووییەدا هەڵکەوتووە.

تەختی سولێمان تەنیا ئاسەوارێكە لەئێران كە خاوەنی پێنج تایبەتمەندی و پێوانەیە بۆ تۆمار كردن و ئەوە لەحاڵێكدایە كە تەختی جەمشیدی ئوستانی فارس تەنیا سێ‌تایبەتمەندی هەیە.