دەركرانی ١١ كرێكاری كوردی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەكانی شاری سنە

13:21 - 3 بەفرانبار 2713
ئاژانسی كوردپا: ١١ كرێكاری كوردی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەكان لە نەمام‌گەی \"گریزە\"‌ی شاری سنە بە‌هۆكارێكی ناڕوون لەسەر كار دەركران.

ئەو ١١ كرێكارە رۆژی یەكشەممە رێكەوتی ١‌ی بەفرانبار لە بەردەم ئیدارەی گشتیی سەرچاوە سروشتییەكانی شاری سنە كۆبوونەوەتەوە و خوازیاری بەدوادا چوون بەكێشەكانیان بوون.

هەر لەوپێوەندییەدا یەکێک لە ماڵپەڕە كرێكارییەكان بڵاوی كردبووە، ئەو ١١ كرێكارەی نەمامگەی \"گریزە\"‌ی شاری سنە وتوویانە:\" ئەگەر لەلایەن لێپرسراوانە كێشەكەیان چارەسەر نەكرێ‌و نەگەڕێندرێنەوە سەر كارەكانیان، لەبەردەم ئوستانداریی كوردستان مانگرتن رادەگەیەنن\".

هەروەها دەگوترێت کە ئەو كرێكارانە بەبێ‌هیچ هۆیەكی ڕوون لەسەر كارەكانیان دەركراون و تەنانەت پێشتریش پێیان رانەگەیەندراوە كە لەكار بێكار دەكرێن.

بەپێی مادەكانی ٧، ٨ و ٩ لە بەندی \"الف\"‌ی یاسای گشتیی كار و مافی كرێكار، هیچ خاوەنكارێک ناتوانێ‌ بەبێ‌هۆ و بە بیانووی جۆراوجۆر كرێكار لەسەر كار دەربكات.

هەرلەو بارەیەوە بەپێی بەندی ١ لە یاسای گشتیی كرێكاری، ئەگەر خاوەنكار كرێكارێک بەر لە تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەكەی لەسەر كار دەربكات، دەبێ ‌قەرەبووی بكاتەوە.