\"دەبێ ڕێزی ئەو منداڵە کوردە بزانین\"

20:44 - 4 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە هونەرمەندانی گەورەی کوردستان لە گرینگی پێنەدانی لێپرسراوانی حکوومەتیی کرماشان بە قارەمانی ئۆلەمپیک بە توندی ڕەخنەی گرت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو لە هەمایشێک کە بە \"ڕێوڕەسمی خەڵکی\" ناونراوە، ڕێز لە کیانووش ڕۆستەمی وەزنەبەرداری کرماشانی گیرا.

کۆگای قاڵکردنەوەی بیستون، پاڵپشتی کەرتی تایبەتی و بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە وەرزشوانی کوردستانی لە تالاری \" انتظار\"ـی شاری کرماشان بووە.

ڕۆژی ٢٣ی گەلاوێژی ئەمساڵ، وەزنەبەرداری ٢٦ ساڵەی کورد لە کێبڕکێ ئۆلەمپیکی ڕیۆ لە وڵاتی برێزیل، بە هەڵگرتنی قورسایی ٢٧١ کیلۆ، میداڵی زێڕی بە دەست هێنا.

\"\"چەندین کەسایەتی هونەری لە هەمایشی ڕۆژی شەممە، ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەر قسەیان کرد و بە توندی لە هەڵسووکەوتی بەرپرسانی حکوومەتی لەهەمبەر کیانووش ڕۆستەمی لە ئۆلەمپیک ڕەخنەیان گرت.

عەلی ئەکبەر مورادی، تەنبوورژەنی ناسراوی کرماشانی وێڕای بەداخبوونی خۆی لە چاوپێنەکەوتنی پارێزگار لەگەڵ کیانووش ڕۆستەمی، گوتی: \"دەبێ ئەو منداڵە کوردە کە کارێکی مەزنی ئەنجام داوە ڕێزی بگرین.\"

هەواڵدەریی مێهر لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە پەرویز پەرەستوویی، ئەکتەری ناسراوی سینەما و تلویزیۆن لە پەیامێکی ویدیۆییدا ڕووبە ئەو وەرزشوانە کرماشانییە ڕایگەیاندووە: تۆ کەسێکی کە شیری پاکی کوردێکت خواردووە و من هۆگری ئەخلاقی تۆ بووم\".

\"\"جەهانبەخش شەکەری کە کۆگاکەی ئەو سپۆنسەری ڕێوڕەسمەکەی کردبوو، ڕوونی کردەوە کە هیوادارە لە داهاتوودا بەرنامەیەکی لەو چەشنە بۆ ڕێزگرتن لە گەرەکانی شاری کرماشان بەڕێوە ببات.

کیانووشیش کە لە قسەکەرانی هەمایش ڕێزگرتن لەخۆی بوو گوتی: پێش هەموو شتێ زۆر خۆشحاڵم کە کوردم.

ناوبراو لە درێژەدا، براکەی(کوورش ڕۆستەمی) بە یەکەمین ڕاهێنەری خۆی ناساند و خەڵاتەکەی پێشکەشی وی کرد.

کیانووش ڕۆستەمی لە پاش وەرگرتنی میداڵی زێڕی ئۆلەمپیک و بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە دۆخی وەرزش لە پارێزگای کرماشان، پێشوازیی لێپرسراوانی حکوومەتی کە \" کێبڕکێ ناردنی پەیام\"ـیان کرد بوو، هەڵوەشاندەوە.