دێکیۆمێنتارێک سەبارەت بە بارودۆخی کۆڵبەران لە ناوچەی ورمێ

15:46 - 18 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: فیلمێکی دێکیۆمێنتاری سەبارەت بە بارودۆخی ژیانی کۆڵبەران لە ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێ بەرهەم هێنرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فیلمێکی دێکیۆمێنتاری بە ناوی \"کۆڵبەر\" بە زمانی کوردی لە دەرهێنەری دوو دەرهێنەری کورد بە ناوەکانی \"مەجید ڕەزایی و محەممەد ساڵح شوجاعی\" لە ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێ دروست کرا.

ئەو فیلمە دێکیۆمێنتارییە کە لە وەرزی بەهاری ئەمساڵدا دروست کراوە باس لە بارودۆخی نالەباری خەڵکی ئەو ناوچەیە دەکات، کە بە ناچاری ڕوو لە پیشەی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی شاری ورمێ دەکەن.

دەرهێنەرانی ئەو فیلمە، داوایان لە بینەرانی ئەو فیلمە کردووە کە بە هیچ شێوەیەک، تەنانەت لە دژوارترین حاڵەتەکانی ژیاندا پیشەی کۆڵبەری وەکوو پیشە هەڵنەبژێرن.

ئەو فیلمە دێکیۆمێنتارییە لە لایەن \"رووناهی فیلمی زێویەوە\" بڵاو کراوەتەوە\".
کۆڵبەر بە چین و توێژە زەحمەتکێشەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەگوترێ کە لە ناوچە سنوورییەکان بە کاری کۆڵبەرییەوە سەرقاڵن.