دێولان/ چالاکێکی سیاسی کورد دەستبەسەر کرا

15:40 - 24 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە کوردستان درێژەی هەیە ولە شاری دێولانیش، ڕەوتی دەستبەسەر کردنەکان بێبەرێ نەبووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، سەلمان حوسێن‌پەناهی، چالاکی سیاسیی کورد لە شاری دێولان لەلایەن لیباس شەخسییەکانی ئەو ئیدارەی ئیتلاعەتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو چالاکە سیاسییە کوردە لە کاتی دەستبەسەر کردنیدا، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە بێ ڕێزی پێی کراوە و لەگەڵ ئازار و ئەشکەنجە و لێدانیش بەڕەوڕوو بووتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو چالاکە سیاسییە کورد هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نیە.

بەپشت بەستن بر ئاماری ناوەندی ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتایی ئەمساڵەوە ٥٨ کەس لە هاووڵاتییانی کورد لە پارێزگاکانی ورمێ،كوردستان، کرماشان، و ئیلام لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.