دێولان؛ سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی بە ١٢ ساڵ و ٨ مانگ زیندان مەحکووم کران

12:45 - 7 سەرماوەز 2722

سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی لە چالاکانی مەدەنیی شاری دێولان، لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەریی ئەو شارە، هەر کامیان بە ٦ ساڵ و ٤ مانگ زیندان مەحکووم کراون.

بەپێی حوکمی دادگا، سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی هەر کامیان بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ١٠ مانگ زیندانی، "تێکدانی نەزمی گشتی" بە ١٨ مانگ زیندانی ، "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی" بە ٤٨ مانگ زیندانی، مەحکووم کراون.

بەپێی یاسای کۆکردنەوەی بڕیارەکان، حوکمی ٤٨ مانگ زیندانی ئەو دوو چالاکە مەدەنییە، دەبێت جێبەجێ بکرێت.

ئەو دوو چالاکە مەدەنییە سەرەڕای داواکردنی فەرمی بۆ گرتنی پارێزەر، لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری و لە دادگایەکی چەند خولەکیدا، بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس دادگایی کرابوون.

سیرووس عەباسی و ئازاد عەباسی ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی خەرمانان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەرو پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزراون.

ئەو دوو چالاکە مەدەنییە هەنووکە لە زیندانی ناوەندیی سنەدان.

مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٩، سیروس عەباسی لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم و ئازاد عەباسی لە تۆمەتی‌وەپاڵدراوی بێتاوان ناسرابوو.