دییەی ژنێکی زیندانی لە لایەن چالاکانی مەدەنییەوە کۆ کرایەوە

14:57 - 5 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: دییەی ژنێکی زیندانی لە زیندانی شاری سنە، لە لایەن چالاکانی مەدەنییەوە کۆ کرایەوە و لە پەتی سێدارە ڕزگار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، دییەی خوێنی ژنێکی زیندانی بە ناوی \"سۆغرا خەلیلی\" خەڵکی گوندی \"بێسارانـ\"ی سەر بە شاری مەریوان لە لایەن چالاکانی مەدەنییەوە کۆ کرایەوە.

ئەم ژنە تەمەن ٣٧ ساڵە بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\" بە سێدارە مەحکوم و لە زیندانی شاری سنەدا لە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی حوکمەکەی بوو.

بنەماڵەی کوژراوەکە ڕایانگەیاندبوو لە کاتی دانی ٣٠٠ میلیۆن تمەن دییە ڕەزایەت دەدەن.

\"ئارام فەتحی\"، چالاکی مەدەنی خەڵکی شاری مەریوان لەم بارەوە لە لاپەڕەی فەیسبووکەکەیدا نووسیبووی: دییەی خاتوو \"سۆغرا خەلیلی\" کۆ کراوەتەوە و هیوادارین لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شایەتی ئازادیی ناوبراو بین.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی جۆزەردان، ژنێکی دیکەی زیندانی بە ناوی \"فەوزیە جەوزی\" کچی \" ڕەحمەتوڵڵا\"، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقستی مێردەکەی بە ناوی \"حەبیب شێخ ئەحمەدی\" کە به سێدارە مەحکوم کرابوو، بە دانی دییەکەی لە لایەن خێرخوازانەوە لە پەتی سێدارە ڕزگاری بوو.