دیوانە شیعرێکی کوردیی کرمانجی لە ورمێ بڵاوکرایەوە

14:45 - 8 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنە هەڵبەستوانێکی خەڵکی ورمێ دیوانی شیعری خۆی خستە سەر خەرمانی زمان و وێژەی کوردی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کۆتاییەکانی ساڵی ڕابردوودا، شلێر ئەمراەنەژاد دیوانی شیعریی خۆی بە زاراوەی کوردیی کرمانجی لەچاپ دا.

ئەو کۆمەڵە هەڵبەستە لەژێر ناوی \"پرۆژستۆرا جیهانی\" لە ٦٣ لاپەڕەدا بڵاو کراوەتەوە.

ڕێنووسی ئەو پەرتووکە بە کوردیی لاتینە و زۆربەی هەڵبەستەکانی بابەتی ژنانە و وێنای ژنانەی لەخۆ گرتووە.

ئەمە یەکەم دیوانی لەچاپ دراوی \"شلێر ئەمراەنەژاد\"ـە کە لە چەندین بۆنە و فێستیڤاڵی وێژەیی‌دا خەڵاتی پێبەخشراوە.

پەرتووکی \"پرۆژستۆرا جیهانی\" لە وەشانگەی \"عمو علوی\" بە تیراژی ٥٠٠ دانە لەچاپ دراوە.

ئەو ژنە هەڵبەستوانە ساڵی ١٣٥٨ لە ورمێ لەدایک بووە و وێڕای وەرگێڕانی کتێبی \"اولدوز و کلاغ ها\"ی سەمەد بێهرەنگی، لە دامەزاروەی ئەحمەدی خانی وانەی کوردیی کرمانجی بە فێرخوازان دەڵێتەوە.