دیوانێکی شێعری کوردی لە ئیلام چاپ کرا

21:00 - 12 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: سەرجەم شێعرەکانی عەباسی ئارام لە دیوانێکدا بە ناوی \"ئارام\" چاپ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە چالاکانی ئەدەبی لە پارێزگای ئیلام لە هەوڵێکدا دەستی دایە کۆکردنەوەی شێعرەکانی عەباسی ئارام و بەم زووانە بڵاو دەکرێتەوە.

زاهیر سارایی بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە \"ئیلام ئاسوو\"دا نوسیوویەتی: کتێبی دیوانی شێعرەکانی \"عەلی ئەسغەر عەباسی ئارام\" بە ناوی \"دیوانی ئارام\" لە شیکردنەوە و کۆکردنەوەی ناوبراو پاش نزیکەی یەکساڵ و نیو، سەرئەنجام چاپ کرا و هەتا کۆتایی ئەم مانگە بڵاو دەبێتەوە.

دیوانی ئارام لە ٢٦٠ لاپەڕەدا لەلایەن چاپەمەنی\"زانا\"وە چاپ کراوە.

لەو دیوانە شێعرە کوردیەی مامۆستا عەباسی ئارام، هێندێک لە شێعرە فارسییەکانی ناوبراویش بەرچاو دەکەون.

چەند ساڵ پێش هێندێک لە شێعرە کوردییەکانی کۆچکردوو عەباسی ئارام بە هەوڵی مستەفا بەیگی بڵاو کرایەوە. بەشێکی دیکەی ئەو شێعرانە لەلایەن \"سارایی\"یەوە کۆکراوەتەوە کە تا ئێستا بێ‌کەم‌وکوڕترین کۆکراوەی شێعرەکانی عەباسی ئارام بووە.

شاعێری سروشت خوازی کوردستان عەلی ئەسغەر عەباسی ناسراو بە ئارام لە مانگی خەرمانانی ٩٣ی هەتاوی لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.