دیوانی شێعری \"بێسارانی\" چاپ کرایەوە

13:35 - 11 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: بە کۆکردنەوەی چەندین بەڵگەی دەستنووس، دیوانی شاعیری ناوداری کورد بێسارانی، چاپ کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لێکۆڵەرێکی ئەدەبیی کوردستان، بە کەڵکوەرگرتن لە بەڵگەنامە دەستنووسەکانی کتێبخانەکانی لەندەن و بێرلین، دیوانی شێعری \"مەلا مستەفا\" ناسراو بە \"بێسارانی\" ساخکردەوە و بەچاپی گەیاند.

بەپێی ئەو هەواڵە، ١٤بەڵگەی دەستنووس لە لایەن \"عەبدوڵڵا حەبیبی\"ییەوە کۆکراوتەوە و پاش لێکۆڵینەوە و بەرئاوردکردن، دیوانی \"بێسارانی\"ی ساخ کردۆتەوە و شرۆڤەی کردووە.

\"عبدالله
عەبدوڵڵا حەبیبی، نووسەر و چالاکی فەرهەنگی خەڵکی نۆدشه
ناوبراو لە وتووێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی تابناک ڕایگەیاندووە؛ کەم و کۆڕی لە دیوانەکەدا، وەکوو نیسبەت‌دانی شیعری شاعیرانی دیکە بە ناوی بێسارانی، هەڵەی زۆر لە واتای شێعرەکان و هەروەها ڕوون کردنەوەیی ناڕاست لە دیوانە چاپ کراوەکاندا بووەتە هۆی ئەوەیکە بۆ نەهێشتنی ئەو کەم کۆڕییانە هەوڵ بدەم. هێندێک لەو شیعرانە بۆ یەکەمجارە لە دیوانێکدا چاپ بکرێت.

ئەو دیوانە لە ٧٤٥ لاپەڕەدا، لەلایەن بڵاوکراوەی \"کوردستان\"ەوە خراوەتە بەر دیدی خوێنەران.

ئەو لێکۆڵەرەی مێژووی ئەدەبی هەورامان لە درێژەدا دەڵێت: لە پێشەکیی ئەو دیوانەدا هەوڵ دراوە وێڕای ناساندنی تەواوی بەڵگەنامە دەستنووسە ئاماژە پێکراوەکان، ڕادەی شوێندانەریی \"بێسارانی\" لە سەر شاعیرە هاوچەرخەکانی خۆی و پاش خۆی دەستنیشان بکرێت. هەروەها بەرئاوردی شێعری بێسارانی لەگەڵ شاعێرەکانی دیکە کراوە\".

مەلا مستەفای بێسارانی ساڵی ١٦٤٣ی زایینی لە گوندی \"بێساران\" سەر بە شاری سەوڵاوا چاوی بە ژیان هەڵێناوە.

ناوبراو خوێندنی خۆی لە لای باوکی \"مەلا قوتبەدین\" دەستپێکردووە و دواتر لە حوجرەی شارەکانی \"نۆدشە\"، \"پایگەلان\" و سنە لەلای مامۆستاکانی ئەو کات خوێندنی تەواو کردووە.

بێسارانی وەکوو یەکەمین شاعیری ڕۆمانتیکی کورد چاوی لێدەکرێت و شیعرەکانی بە زاراوەی هەورامی و لە چوارچێوەی مەسنەوی ١٠ هێجایی هۆنیوەتەوە.

بێسارانی ساڵی ١٧٠٢ی زایینی کۆچی دوایی کردووە و گۆڕی ئەو شاعیرە کوردە لە بێساران، نزیک لە شاری سەوڵاوا و ناوچەی \"پیرە هەژارە\" هەڵکەوتووە.