دیوانی بەرزی وڵات داوای دادڕەسی زیندانیی ئیعدامی ڕەت کردەوە

16:14 - 6 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: داوای دادڕەسی شارام ئەحمەدی، زیندانیی سوننی مەزهەب، لەلایەن باڵاترین لێوەگەڕی دادوەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ڕەت کرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، پارێزەری چالاکی مەزهەبی کورد شارام ئەحمەدییان لە ڕەت کرانەوەی داواکەی ئاگادار کردووەتەوە.

پارێزەری زیندانییانی سوننی مەزهەبی ڕەجایی شار بە چەندین جار تۆمەتی \"ئەندامەتی لە گرووپە چەکدارەکان و هەوڵدان بۆ توندوتیژی\" مۆوەکەلەکانی وەک شارام ئەحمەدی بە توندی ڕەت کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە \"هرانا\" بڵاویکردووەتەوە؛ قازی جێبەجێکاری حوکم لە گرتووخانەی ڕەجایی شار چووەتە نێو بەندی زیندانییانی مەزهەبی و وتوویەتی کە ئەوانەی داواکاری دادرەسییان ڕەت کراوەتەوە وا باشترە خۆیان بۆ لەسێدارەدان ئامادە بکەن.

شارام ئەحمەدی چالاكی سوننی مەزهەب لە رەزبەری ١٣٩١‌دا بە تۆمەتی \"موحاربە\" حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە و ئەو حوكمە دوای ناڕەزایەتی دەربڕین و ئێعترازی شارام، لە بانەمەڕی ١٣٩٢‌دا رەوانەی دادگای پێداچوونەوە و دواتر دیوانی باڵای وڵات كرا.

ئەحمەدی لە بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٨‌دا لەكاتێكدا لە مزگەوتی \"نەبی\" شاری سنە سەرقاڵی ئاخاوتن بووە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە تەقەی لێكراوە و دوای بریندار كردنی دەستبەسەر كراوە.

برایەكی شارام بەناوی بەهرام ئەحمەدی بە تۆمەتی هاوچەشنی(شارام) دەستبەسەر و بەفرانباری ١٣٩١ی هەتاوی بە تۆمەتی \"موحاربە\" لەسێدارە درا و تەرمەكەشی رادەستی بنەماڵەكەی نەكراوە.