دیوانی باڵای ئێران لەژێر گوشاری سپای پاسداران حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەکی سیاسیی کوردی پشتڕاست کردەوە

12:29 - 22 خاکەلێوه 2720

دیوانی باڵای وڵات لەژێر گوشاری سپای پاسداران حوکمی لەسێدارەدانی "ئەرسەلان خودکام"، زیندانیی سیاسیی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی ورمێی پشتڕاست کردەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، سێ جار بە حوکمەکەی ناڕەزایەتی دەربڕیوە و دیوانی باڵای وڵاتیش بە ڕەتکردنەوەی پێداچوونەوە بە حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە، حوکمی لەسێدارەدانەکەی پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "حیفازەت ئیتلاعاتی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، لە ڕەوتی دادڕەسەییەکەی ئەو زیندانییە سیاسییە، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی هەبووە".

"ئەرسەلان خودکام" تەمەن ٤٧ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، ڕێکەوتی ٣ی بانەمەڕی ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "سیخوڕی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای ئەلمەهدیی ورمێ، لەژێر لێکۆڵینەوەدا بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە، دواتر ڕەوانەی زیندان کرا و ڕێکەوتی ٨ی پووشپەڕی هەمان ساڵ لەلایەن لقی یەکی دادسەرای نیزامیی ورمێ، بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.