دیوانی باڵای وڵات دۆسیەی زیندانیانی گوندی قەرەسەقەل تاوتوێ دەکات

21:10 - 2 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: دۆسیەی زیندانیانی گوندی قەرەسەقەل لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات تاوتوێ دەکرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دۆسیەی \"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، حاسڵ عەزیزی، محەممەد زاهیر فەرامەرزی، کەمال مەسرووری و جەلال مەسرووری\" بۆ تاوتوێکردن ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاند: \"دۆسیەی ئەم زیندانییانە لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات لەبەردەستی تاوتوێ دایە و دەبێت شۆرای ئەمنییەتی میللیی دیوان دووبارە لە سەر ئەم دۆسیەیە بڕیار بدات\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"سەرۆکایەتی لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات لە لە ئەستۆی سەید ئەحمەد تەباتەبایی و سەید ساڵح سەجادی\" جێگری دایە.

هیدایەت عەبدوڵاپوور وێڕای چەند کەسی دیکە بە ناوەکانی حاسڵ عەزیزی، محەممەد زاهید فەرامەرزی، یەعقووب بائیکەرام، جەلال مەسرووری، کەماڵ مەسرووری و سدیق بائیکەرام، لە گوندی قەرەسەقەڵی شنۆ لە جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی دەسبەسەر کران.

حاسڵ عەزیزی، یەکێک لە تۆمەتلێدراوانی دۆسیەی قەرەسەقەل پاش ئازادی کرانی بە دانانی بارمتە، زێدی خۆی بەجێ هێشتووە و لە یەکێک لە وڵاتە دراوسێکانی ئێران نیشتەجێ بووە.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ ئەو حەوت هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی قەرەسەقەلی بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" مەحکووم کردووە.