دیوانی باڵای وڵات حوکمی ئێعدامی بۆ سێ هاووڵاتی بڕیەوە

16:05 - 4 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: دیوانی باڵای وڵات، حوکمی لەسێدارەدانی بۆ سێ هاووڵاتی، بە تاوانی کوشتنی هاووڵاتییەکی دیکە خەڵکی شاری مەهاباد، بڕیەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دیوانی باڵای وڵات، بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە و بەڵگەکانی پزیشکی یاسایی، حوکمی ئێعدامی بۆ سێ هاووڵاتیی بە ناوەکانی \"کەماڵ ئەسغەری، دانیال دیوانی‌ئازەر و دانیال زین‌عابدین\" بە تۆمەتی کوشتنی \"سادق بەرمەکی\" خەڵکی شاری مەهاباد بڕیەوە.

هەروەها، لەو بڕیارەی دیوانی باڵای وڵات، بۆ کەسی چوارەمی بەشداربووی ئەو ڕووداوە، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی پەسەند کردووە.

دیوانی باڵای وڵات، سەرەڕای ئەوەی کە یەکێک لە تاوانبارانی ئەو ڕووداوە، لە کاتی کوشتنی سادق بەرمەکی، تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵ بووە، حوکمی لەسێدارەدانی بڕیوەتەوە.

ڕۆژی ڕابردوو، ئەو حوکمە بە پارێزەری بنەماڵەی بەرمەکی دراوە.
ساڵی ڕابردوودا، سادق بەرمەکی، خەڵکی شاری مەهاباد، لە لایەن سێ کەسەوە کە خەریکی کێشانی ماددەی \"گوڵ\" بوون، دەکوژرێت و پاش کوژرانی تەرمەکەشی دەسووتێنن.

ئەو سێ کەسە پاش هاتنەوە سەرخۆ، دەچنە شوێنی ڕووداوەکە و دەبینن کە ئەوە لاوە زیندووە بۆ شاردنەوەی تاوانەکەیان بە بەنزین دەیسوتێنن.

تەرمی \"سادق بەرمەکی\" پاش پێنج ڕۆژ بە سووتاویی، لە نێو یەکێک لە دارستانەکانی شاری مەهاباد دۆزرایەوە.