دیوانی باڵای وڵات حوکمی "قیساسـ"ـی زینداییەکی لە زیندانی سنە بە تۆمەتی "کوشتن" پشتڕاست کردەوە

12:15 - 4 بەفرانبار 2721

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران باسی لە پشتڕاستکردنەوەی "قیساسـ"ـی زیندانییەک بە ناوی "ئەکبەر عەباس‌پوور مەراغە" کە هەنووکە لە زیندانی سنەدایە، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە کرد.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە ڕایگەیاندووە کە حوکمی ئەکبەر عەباس‌پوور مەراغە کە بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەستـ"ـی دوو کەس لە نزیکانی خۆی بە قیساسی نەفس (ئێعدام) مەحکووم کراوە و سەرەڕای پێشێلکارییەکی زۆر و "بەکار بردنی ئەشکەنجە بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ" لە دیوانی باڵای وڵات ئەو حوکمە پشتڕاست کراوەتەوە و ئەو زیندانییە لە زیندانی ناوەندیی سنە لە ڕیزی ئێعدامدایە.

ئەکبەر عەباس‌پوور مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٧، پاش دۆزینەوەی تەرمی سووتاوی دوو کەس لە ئامۆزاکانی هاوژینەکەی، بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر تەرمەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە و دواتر ڕەوانەی ئیدارەی ئاگایی کراوە و لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە بە تۆمەتی ئەنجامدانی ئەو تاوانە دەسبەسەر کراوە.

فەریدوون عەباس‌پوور مەراغە، برای ئەو زیندانییە لەمەڕ وردەکاریی دۆسیەکەی بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی ڕاگەیاندووە: "ئەکبەریان دەسبەسەر کرد و لە ئیدارەی ئاگایی شاری بانە بە شوکری ئیلکتریکی ئەشکەنجەیان دابوو و شوێنی سووتایی شوکرەکە بەسەر هەر دوو شانی ئەکبەرەوە هەتا ماوەیەک دیار بوو. دواتر لە پێش چاوی ژن و منداڵەکانی ئەوەندە ئازار و ئەشکەنجە دابوو هەتا بە درۆ دان بە کوشتنی دوو ئامۆزای هاوژینەکەی بنێت و دواتر لە دادگا ئەو دانپێدانانەی ڕەت کردەوە".

فەریدوون عەباس‌پوور هەروەها دەڵێت: "لە ٢٤ کاتژمێری یەکەمی دەسبەسەرکرانی ئەکبەردا، کە براکەی جێی ‌گومانی ئەو تاوانە بوو، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، ئیدارەی ئاگایی بەپێچەوانەی مادەی یاسایی، ناوی براکەیان بە تەواوی لە میدیا فەرمی و خۆجییەکان بڵاو کردەوە و ئەمەش بووە هۆی زیاتری شێواندنی بیروڕای گشتی و خەڵکی ڕەشبین کرد".

ناوبراو لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە: "دۆسیەکەی پێشێلکاریی زۆری هەبووە و دیوانی باڵای وڵات هیچکام لەو پێشێلکارییانەی لە پێش چاو نەگرت، ئینگار نە ئینگار گیانی مرۆڤێک لەو نێوانەدا هەیە و دەبوایە دۆسیەکەی بە وردبینییەکی زۆرترەوە پێڕاگەیشتنی بۆ بکرایەت، حوکمی پشتڕاستکردنەوەی دیوانی باڵای وڵات بە پێچەوانەی ڕەوتی ئاسایی، هیچ هۆکارێکی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو حوکمە باس نەکردووە".