دیواندەرە/ لە پێکدادانێکی چەکداریدا ٢ ئەندامی سپای پاسداران کوژران

23:30 - 2 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی پێکدادانێکی چەکداری لە چیای \"چل چەمە\"ی دیواندەرە ٢ ئەندامی سپای پاسداران بە دەستی چەند چەکدارێکی نەناسراو کوژران و ٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاو بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەر لەئێوارێی رۆژی شەممە رێکەوتی ١ی پووشپەڕ ٢ ئەندامی سپای پاسداران بەناوەکانی\"سدیق حوسێنی\" خەڵکی گوندی \"قوجر\"ی سەربە شاری دیواندەرە و \"ناسر بەیگی\" خەڵکی گوندی \"شەریف ئاوا\"ی سەربە شاری دیواندەر و دانیشتووی شاری سەقز لە ئەنجامی تێکهەڵچوون لەگەڵ دەستەیەک چەکداری نەناسراو، کوژران.

لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونەدا ٢ ئەندامی دیکەی سپای پاسدارانیش بریندار بوون و دۆخێکی ئەمنیەتی باڵی بەسەر ئەو ناوچەیەدا کێشاوەو هێزێکی زۆری نیزامیی سپای پاسداران لە شاری دیواندەرە جێگیر کراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە،هیچ لایەن و ناوەندێکی حکوومەتی و نیزامیی ئێران هەواڵی کوژران و بریندا بوونی ئەو ٤ کەسەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

هەروەها رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕ لە بەرزاییەکانی چیای \"نێو کێل\" و \"هەڵاڵاویە\" لە پشت گوندی \"مێرگە پیرکێ\"ی ناوچەی رەبەت شەڕ و پێکدادانی چەکداری هاتە ئاراوەو لە ئەنجامی ئەو پێکدادانەدا ٢ کەسی سەربە سپای پاسداران بەناوەکانی حه‌مه‌خان و كامیل شه‌مسی كوڕی حاجی ئه‌حمه‌دی نێزێ کوژران.

کارناسانی کاروباری سیاسی وڵاتی ئێران ئەو جۆرە رووداوانە بە پاکانەی تایبەتیی و پلان بۆ داڕێژرای نێو دەزگا ئەمنیەتیی و نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە قەڵەم ئەدەن، کە لە سەرەتای ئینقلابەوە هەتا ئێستا لەلایەن لێپرسراوانی حکوومەتیی ئێرانەوە پەیڕەو کراوە.