دیواندەرە/ فشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆسەر بنەماڵەی چالاکانی سیاسی کورد

16:10 - 18 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کوردی ناوچەی دیواندەرە لە بناری چل چەمە، لەلایەن هێــزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەرەوڕووی ئازار و ئەزیەت بوونەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ماوەی چەندین حەفتەیە بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کوردی دانیشتووی گوندەکانی \"بست\"، \" دەرەوەزان\" و \"دەرە گاوان\"ی سەربە شاری دیواندەرە کە رۆڵەکانیان ئەندامی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانن، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە بانگهێشت و بەرەوڕووی لێپرسینەوە دەبنەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد، هێــزە ئیتلاعاتییەکانی شاری دیواندەرە لە هەر حەفتەیەکدا ٢ رۆژ بنەماڵەی ئەو چالاکانە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات دەکەن و ئەمەش ناڕەحەتی و نیگەرانیی لای ئەو هاووڵاتییانە پێک هێناوە.

بەوتەی سەرچاوەکە، ئەم هەڵسووکەوتەی ‌هێــزە ئیتلاعاتییەکان لە حاڵێک دایە کە گوندەکانی دەوروبەری چل چەمە زیاتر لە ٩٠ کیلۆمیتر لە شاری دیواندەرەوە دوورن و ئەمەش تەنیا بەمەبەستی ئەزیەت کردنی ئەو بنەماڵە کوردانە ئەنجام ئەدرێت.

ماوەیەک پێش ئێستا لە چیای چڵ چەمەی شاری دیواندەرە پێکدادانێکی چەکداری لە نێـوان هێــزەکانی سپای پاسداران و چەکدارانی سەربە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا هاتە ئاراوە.