دیواندەرە؛ چرۆ ئەحمەدی، مامۆستای زمانی کوردی دەسبەسەر کرا

11:00 - 26 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی گەلاوێژ، چرۆ (ژاڵە) ئەحمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی هەیئەتی بەڕێوەبەریی دامەزراوەی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی زاگرۆس، لە شاری دیواندەرە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی شوێنێکی نادیار کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو چالاکە فەرهەنگییە و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان مۆبایل و هەندێک کەرەستەی کەسیی ئەو مامۆستایەی زمانی کوردییە لەوانە کتێب و لەپ‌تاپەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە".

ئەو سەرچاوە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو کە هێزە ئەمنییەتییەکان هەروەها مۆبایلی ئەندامانی بنەماڵەی ئەو چالاکە کوردەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

چرۆ ئەحمەدی، دەرچووی کارناسیی بواری ئەندازیاریی شیمی و هەروەها کارناسیی بواری ڕۆژنامەنووسی لە زانکۆی پەیام‌نووری سنەیە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە تەمەنی ٣٠ ساڵە و خەڵکی دیواندەرە و دانیشتووی سنەیە کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە دامەزراوەی فەرهەنگی ــ کۆمەڵایەتیی زاگرۆس، مامۆستای زمانی کوردی بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی چرۆ ئەحمەدی، زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.