دیواری بەنداوی داریان بووەتە هۆی دڵەڕاوکێی هاوڵاتییان

16:20 - 22 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: شیمانەی قڵشینی دیواری بەنداوی داریان لە پارێزگای کرماشان دەکرێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا خەڵکی ناوچەی هەورامان لە ئەگەری درزتێکەوتنی بەنداوی داریان لە نزیک شاری پاوە، نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.

ترس و تۆقینی هاووڵاتییانی کورد کاتێ جیدی بووەتەوە کە؛ هەندێ سەرچاوەی ئاگادار باسیان لە \"دەڵین و دزەی ئاو بۆ نێو کەرەستەی نیروگای بەنداو بەهۆی شکانی لوولەی ئاو\" کردووە.

هەر ئەو سەرچاوانە هۆشداریان داوە کە؛ لە ئەگەری بەردەوام بوونی ئەو دۆخە، \"هاتنەئارای زیانی قورس\" دوور لە چاوەڕوانی نابێ.

پاییزی دوو ساڵ لەمەوبەر پەنگدانی ئاوی بەنداوی داریان لە ١٠ کیلۆمیتریی شاری نۆدشە لە شارستانی پاوە، \"بە بێ ئاگاداریی وەزارەتی نیرو و کتوپڕ\" دەستی پێکرا.

هەروەها هەواڵنێری کوردپا لەپاوە ڕاپۆرتی دا کە؛ بارینەکانی حەوتووەکانی ڕابردوو بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاوی پشت بەنداوەکە.
بارستایی ئاوی بەنداوی ١٥٥ میتریی داریان زیاتر لە ٣٥٠ میلیۆن میتری سێجا خەمڵێندراوە.

هاوکات هەواڵە خۆجێییەکان باس لەوە دەکەن کە؛ فەرمانداری پاوە لە دژکردەوەیەک بەو دۆخە ڕایگەیاندووە کە؛ بەنداوی داریان و دامەزراوەکانی نیروگا دوو شتی لێک جیاوازن.

قەڵشینی دیواری بەنداوی داریان لەکاتێکدایە کە هێزە هاریکارییەکانی(نیروهای امدادی) شاری پاوە گەیشتوونەتە شوێنی بەنداوەکە و لە خەڵکیان داوا کردووە کە هۆشداریی سەرچاوە فەرمییەکان لەبارەی مەترسییە شیمانەکراوەکان بە هەند وەربگرن.

وێرانبوونی ژینگەی ناوچەی هەورامان، لەنێوچوونی کانیی سرووشتی بڵ و کەوتنەژێر ئاوی چەندین گوندی مێژوویی لە لێکەوتەکانی دروستکردنی بەنداوی داریان دێنەهەژمار، کە ناڕەزایەتی هەزاران ژینگەپارێز و چالاکی مەدەنی، کەمترین باندۆری لەسەر پیلانی حکوومەتی ئێران هەبوو.