دیسانەوە کەمتەرخەمیی پزیشکی لە سنە ڕووی دایەوە

21:12 - 20 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: هەڵەی پزیشکی دوکتورەکانی بەشی منداڵبوون لە نەخۆشخانەی \" بعثت\"ـی شاری سنە، بووە هۆی گیان لەدەستدانی کۆرپەیەک.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا،درەنگ وەخۆکەوتنی کادری نەخۆشخانەی حکوومەتیی \" بعثت\"ـی سنە، لە ژان‌وژۆری منداڵبوونی دایکێک، مردنی کۆرپەی ئەو ژنە دووگیانەی بەدواوە بوو.

دوکتورەکان لەکاتی وەرگرتنی ئەو ژنەدا، بەبێ ئاگاداربوون لە دۆخی تەندرووستی ئەو دایکە، هەوڵیان داوە بەشێوەی سرووشتی منداڵەکەی ببێت.

لەپاش ئێش و ئازارێکی زۆر و لەکاتی ترازانی سەری منداڵەکەدا، پزیشکەکان پەی بە ناسرووشتی بوونی منداڵبوونەکە دەکەن و بە مەبەستی نەشتەرگەریی سزارییەن دەیگوازنەوە بۆ ژووری نەشتەرگەری.

بەپێی هەواڵی نێردراو بۆ کوردپا، دوکتوری بێهۆشی زۆر درەنگ گەیشتووەتە سەر ئەو ژنە دووگیانە، و کۆرپەکەی لەناو ڕەحمی دایکی‌دا دەخنکێت و گیانی لەدەست دەدات.

دەوترێت دایکی ئەو منداڵە مردووە، بەهۆی ئەم هەڵە پزیشکییەوە تووشی خەمۆکی هاتووە و بەتەمای پێشکەشکردنی سکاڵایە لەسەر کادری دەرمانیی نەخۆشخانەی \"بعثت\"ـی سنە.

ئەمە دووهەمین ڕووداوی مردن لەو نەخۆشخانەیە، کە هۆکارەکە بە هەڵەی پزیشکی باس کراوە.

ئامارە نیمچەفەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە سکاڵای پزیشکی لە ساڵێ ١٣٩٤ بە بەراورد دەگەڵ ساڵی ١٣٩٣، لەسەدا سێ بەرز بووەتەوە و زۆرترین هەڵەکانیش لەلایەن دوکتوری ژنان و منداڵبوون، نەشتەرکاریی گشتیی و ددانپزیشکی ڕووی داوە.