دیسان کۆڵبەرێکی کورد بە تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەست دا

20:53 - 24 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی شاری پیرانشار کە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیان ڕوو لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردبوو، بە هۆی تەقینەوەی یەکێک لە مینە چێندرا و کۆنەکراوەکانەوە لاقێکی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٢٣ی بانەمەڕ، بە هۆی تەقینەوەی مینێکی بە جێماو لە سەر ڕێگای گوندی \"دەستاڕە\" کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی پیرانشار بە سەختی بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی \"ڕەحمان ڕەسووڵی ئازەر\" کوڕی خالید خەڵکی گوندی \"گوڵاوی\" سەر بە شاری پیرانشار ڕاگەیاندووە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانە نەخۆشخانەی شاری هەولێر کراوە و لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.

زۆربەی کۆڵبەرانی بەرکەوتووی مین لە بنەماڵە کەم داهات و دەستکورتەکانی کوردستانن و هەتا ئێستا کۆڵبەرانی قوربانیی مین لە لایەن حکوومەت و ناوەندە پەیوەندییدارەکانەوە پشتیوانیان لێ نەکراوە و لەو پەیوەندییەشدا، یاسایەک بۆ پشتیوانی لە کۆڵبەرانی قوربانیی مین پەسەند نەکراوە.

قەیرانی ئابووری لە پارێزگا کوردنشینەکانی کوردستانی ئێران بە تایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، هاووڵاتییانی کورد بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە کاری پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و سەرەڕای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، سەرمابردوویی و تەقینەوەی مینە هەڵنەگیراوەکان، زۆرجار گیانی کۆڵبەران دەستێنێت.