دیسان کۆڵبەرێک لە سنووری ورمێ بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار بوو

14:05 - 1 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری ورمێ، بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە سنووری ئەو شارە بریندار و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"ڕامین سنجی\" خەڵکی بەشی \"نازلوو\"ی شاری ورمێ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە سنووری ناوچەی تەرگەوەڕ، بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەرە، بە هۆی بەرکەوتنی گوللە لە سینگی بە توندی بریندار بووە و هەنووکە لە ناوەندی دەرمانیی شاری ورمێ، لەژێر چاوەدێریی پزیشکییە، کە پزیشکان دۆخی تەندروستی ئەو کۆڵبەرەیان نالەبار ڕاگەیاندووە.

هەر لەو پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی دیکەی کورد، بە ناوی \"مەیسەم کەریمعه‌لی\"، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاری ورمێ، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران، لە بەرزایی‌یەکانی \"کێلەشین\" گیانی لە دەست دا.
.