دیسان ڕووداوی کار قوربانی لێ کەوتەوە

15:37 - 30 خەرمانان 2716
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی تەمەن ٦٠ ساڵە خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری سنە بەهۆی ڕووداوی کار گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی خەرمانان، کرێکارێکی کورد بە ناوی مەحیەدین بایەزیدی خەڵکی گوندی تەوریوەر سەر بە شاری سنە کە لە کاتی تەکاندنی دار گوێز دەکەوێتە خوارەوە گیان لە دەست دەدات.

کومیتەی هاوئاهەنگی بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوە کرێکارییەکان بڵاوی کردەوە، ئەو کرێکارە کوردە بە هۆی سەختی برینەکەی بۆ چارەسەری پزیشکی دەگوازرێتەوە بۆ نەخۆشخانەی بێعسەتی شاری سنە و پاش چەند خولەکێک لە گەیشتنی بە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دەدات.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی نەبوونی کار و سەرچاوەیەک بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان لە ماوەی تەمەنیدا خەریکی تەکاندنی دارگوێز بووە.

هەر لەو پەیوەندییەدا و لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە دوو پارێزگای کوردستان سێ هاووڵاتیی کورد بوونە قوربانی ڕووداوی کار.

ڕیژەی مردنی کرێکاران بە هۆی ڕووداوی کار لە ئێران ڕۆژانە بە ٦ کەس خەڵمێنراوە و بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کار، ڕووداوی کار زیاتر لە ٩٠ هەزار میلیارد تمەن لە ئێران تێچوو هەڵدەگرێت.