دیسان وەرگەڕانی تەراکتۆر جووتیارێکی دیکەی کردە قوربانی

15:28 - 11 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: جووتیارێکی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی بەخشی سیلوانای شاری ورمێ، بە هۆی وەرگەڕانی تەراکتۆر گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١١ی پووشپەڕ، جووتیارێکی کورد، بە ناوی \"ج. ح\"، تەمەن ٥٥ ساڵ، بە هۆی وەرگەڕانی تەراکتۆرەوە، گیانی لە دەست دا.

ئەو ڕووداوە، لە گوندی \"پشتگەلە\"ی بەخشی سیلوانای شاری ورمێ ڕووی داوە و بووە هۆی گیان لە دەستدانی ئەو جووتیارە کوردە.

هەرلەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ٩ی پووشپەڕ، کچێکی لاو تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی گوندی \"ژارئاو\"ی ناوچەی دزەی دۆڵی شاری ورمێ، لە کاتی کاری کشتوکاڵیدا بە هۆی وەرگەڕانی تەراکتۆر گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو کچە بە ناوی \"شیوا نەعمانی\" تەمەن ١٨ ساڵ ڕاگەیەندراوە و باوکی ئەو کچەش لەو ڕووداوەدا بە سەختی بریندار بووە.

هاووڵاتییانی کورد بەهۆی نەبوونی زەوییەکی شیاو بۆ وەرزێڕی بە ناچاری ڕوو لە کێڵانی شوێنە هەڵدێرەکان دەکەن و زۆر جار بە هۆی هەڵدێرانی تەراکتۆرەکانیانەوە تووشی ڕووداوی دڵتەزێن دەبن.