دیسان لە شاری سنە بەردەوامیی هەڵەی پزیشكی و نەشتەرگەری گیانی كچێكی ئەستاند

12:52 - 9 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: كچێك لە شاری سنە بە هۆی لێدانی دەرزیی هەڵە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، گەلاوێژ نەقشبەندی تەمەن 32 ساڵ، كچی شێخ جەماڵ ( كوڕی شێخ عوسمانی دوڕوو) و خەڵكی شاری سەوڵاوا بەهۆی لێدانی دەرزیی هەڵە لە نەخۆشخانەیەكی شاری سنە گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی شایەتحالان و ئەو كەسانەی كە لەناو نەخۆشخانەكە بوون، ئەو هاووڵاتییە پێشتر حەبێكی فشار خوێنی خواردووە و دوای ماوەیەك لەلایەن دوكتۆرەكانەوە دەرزییەكی لێدراوە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

لە چەند رۆژی رابردووشدا هاووڵاتییەكی كورد بەناوی \"خالید ئەحمەدی\" خەڵكی یەكێك لە گوندەكانی دەروروبەری سنە كەلە نەخۆشخانە نەشتەرگەریی بۆ كراوە، رەوشی تەندروستیی بەرەو خراپ بوون رۆیشتووە و گیانی لە مەترسی دایە.

پاش لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون دەركەوتووە كە پزیشكەكان لە كاتی نەشتەرگەریدا بە هەڵە \"بۆڕێی قوڕگ\"یان بڕیوە، لە حاڵێكدا دەبوا ئەو نەخۆشە نەشتەرگەریی \"مۆخ\"ی بۆ بكرێت.