دیسان لە دەوروبەری ورمێ‌، قوتابخانەكان پارە لە قوتابییان وەردەگرن

16:24 - 4 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی قوتابخانەکانی دەوروبەری ورمێ بۆ دابین کردنی سووتەمەنی و کڕینی کەلوپەل بۆ قوتابخانە، پارە لە قوتابییان وەردەگرن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٣ی رێبەندان، بەرپرسانی قوتابخانەکانی دەوروبەری ورمێ رایانگەیاندووە، کە دەبێ هەر قوتابییەک بڕی ٣٠ هەتا ٥٠ هەزار تمەن پارە بابەتی کڕینی سووتەمەنی و کەلوپەل بە قوتابخانە بدات.

\"10854.jpg\"
شایەتحاڵێک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، بەرپرسانی قوتابخانەکان گوتوویانە پێویستە هەتا رۆژی یەکشەممەی حەفتەی داهاتوو قوتابییان ئەو بڕە پارەیە بدەن.

ئەو شایەتحاڵە ئەوەشی خستەڕوو، هاووکات قوتابییان بە بەرپرسانی قوتابخانەکانیان راگەیاندووە کە توانای دابین کردنی ئەو بڕە پارەیەمان نییە.

بەوتەی کەسانی خۆجێی تەنیا لە ماوەی ئەمساڵی خوێندندا هەتا ئێستا چەندین جار بەرپرسانی ئەو قوتابخانانە بە بیانووی جۆراوجۆر پارەیان لە قوتابییان وەرگرتووە.

هەروەها پێشتریش لە قوتابخانەکانی \"سەلاحەدین ئەیووبی\" سەربە بەخشی تەرگەوەڕ، \"خەیام\" لە دزەی مەرگەوەڕ و شارۆچکەی \"راژان\"ی سەربە شاری ورمێ بە بیانووی دابین کردنی سووتەمەنی بۆ قوتابخانەکان پارە لە قوتابیان وەرگیرابوو.