دیسان خەمی نان و کوژرانی کۆڵبەرانی کورد

14:05 - 11 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی تەقەی هێزە نیزامییەکان لە کۆڵبەرانی کورد، کۆڵبەرێکی لاو، خەڵکی شاری بانە، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی ڕابردوو، ١٠ی خەرمانان، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بوو بە قوربانیی ژیان.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە، بە ناوی \"مەحموود کتابی\"، تەمەن ٢٤ ساڵ، خەڵکی شاری بانە، ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە بانەیییە، خێزاندار و باوکی منداڵێکی ٨ مانگەیە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ دابینکردنی ژیانی خۆی و بنەماڵەکەی، ڕووی لە ناوچە سنوورییەکانی شاری پیرانشار کردووە، کە لەوێ تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

تاکە سەرچاوەی داهاتی ژیانی هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکان کۆڵبەرییە، کە ناچارن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ڕوو لەم پیشە مەترسیدارە بکەن.