دیسان بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کۆڵبەرێکی دیکە بریندار بوو

14:39 - 11 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی دانانی بۆسە بۆ کۆڵبەرانی کورد، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لە ناوچەی پیرانشار، کۆڵبەرێکی خەڵکی ئەو شارە بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ١٠ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و لە ئاکامدا، کۆڵبەرێکی کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی پیرانشار بە تەقەی هێزە نیزامییەکان پێکرا.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە \"عەبدوڵڵا\" خەڵکی گوندی \"قەڵاتە ڕەش\"ی شاری پیرانشار ڕاگەیەندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو کۆڵبەرە کوردە گوللەی بەر لاقی کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: \"عەبدوڵڵا بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە\".

لە سەرەتای ئەم حەوتوویەدا، ٦ کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە ناوچەکانی شنۆ، پیرانشار و بانە، بوونەتە قوربانی.

کۆڵبەرانی کورد بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکەیان بە ناچاری لە گرێوی پارەیەکی کەم ، شتومەکی بیانی لە خاڵه نافەرمییەکان بەبێ گومروک، هەڵدەگرن.