"دیداری چرا" بۆ فیلمی دیکیۆمێنتی کۆتایی بە کارەکانی هێنا + وێنە

20:53 - 8 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: دووەمین دیداری چرا بۆ نمایش کردنی فیلمی دیکیۆمێنتی بە نمایش کردنی ٦ فیلم و خەڵات کردنی باشترینەکان کۆتایی پێهات.

دیداری چرا، دیدارێکە بۆ نمایش کردنی فیلمی دیکیۆمێنتاری و گفتوگۆ کردن لەسەر فیلمەکان، سەرلە ئێوارێی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٧ی بەفرانبار بە نمایش کردنی ٦ فیلمی دیکیۆمێنتاری و خەلات کردنی باشترین فیلم، وێنەگر کۆتایی بە کارەکانی هێنا.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لە شاری سلێمانی راپۆرتی دوایین رۆژی ئەو دیدارەی بەم شێوەیە ئاماژە پێدا.

\"10454.jpg\"
سەرەتا فیلمی \"بیبیلیۆ گرافیای شێوەکاری\" لە دەرهێنای \"بەختیار سەعید نمایش کرا و ناوەرۆکی ئەو فیلمە تایبەت بوو بە پرۆژەی ئینسکلۆپیدیای شێوەکاری کە تەنیا پرۆژەی دیکیۆمێنت کردنی مێژووی هونەریی شێوەکاری و هەروەها ئاوڕ دانەوە لە مێژووی (١١٠)ی رۆژنامەگەریی کوردییە لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان.

دواتر فیلمی \"رەشەن\" لە دەرهێنانی \"جەمیل ئۆکریز\" پیشان درا، ئەو فیلمە ئاماژەی بە چۆنیەتیی درووست بوونی گۆڤاری رەوشەن و کێشە و گرفتەکانی بەردەم ئەو گۆڤارەی لە کوردستانی تورکیە کرد.

\" وەرینی رۆژگار و خەمە بێ کۆتاییەکان \" ناوی سێیەم فیلم و لە دەرهێنانی \"رەنجدەر رزگار بوو کە لەو دیدارە دا نمایش کرا و ناوەرۆکی ئەو فیلمە باسێک بوو لەسەر دیاردەی فرە ژنی لە هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی یاساکانی حکوومەتی هەریم و ناوچەکانی دیکەی عێراق.

\"10455.jpg\"
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو دیدارە دا بەرهەمی ددیکیۆمێنت ساز \"حوسێن ئەحمەد\" بەناوی \" لە خەمەکان دا هاوبەشین\" نمایش کرا و ناوبراو لەو فیمە دا پرژا بووە سەر پاشهات و مەترسییەکانی دووکەڵی نەوتی کەرکووک و ئاماژەی بە نەخۆشیییە مەترسیدارەکان کردبوو کە بە هۆی دووکەڵی ئەو نەوتە دێنە ئاراوە.

فیلمی پێنجەم بە ناوی \"کەمێک لە مۆزەخانەی دهۆک \" بەرهەمی \"رێناس عەبدوڵڵا بوو کە بەکەڵک وەرگرتن لە مۆزەخانەی دهۆک ئاوڕی لەو کەلوپەلانە دابۆوە کە کورد لەو سەردەمەدا بۆ کاروباری رۆژانە دروستیان کردبوون و بە کاریان دەهێنان.

دوایین فیلم بەناوی \"لێرە شارۆچکەیەک هەبوو\" لە دەرهێنانی \"سەروەر حەمەدەمین\" کە چووە سەر پەردەی نمایش، ناوەرۆکی ئەو فیلمە ئاوڕدانەوەیەک لە شرۆچکەی مێژووی \" حەسەن کێف \" بوو کە بە هۆی درووست کردنی بەنداو لەلایەن حککوومەتی تورکیەوە هەتا ساڵی ٢٠١٢ ٨٠% نوقمی ئاو دەبێت ئەوەش لە کاتێک دایە کە رێکخراوی یونسکۆ دژایەتی درووست کردنی بەنداو لەلایەن حکوومەتی تورکییەوە بۆ سەر شارۆچکەی \" حەسەن کێف\" دەکات. مێژوو و شارستانیەتی ئەو شارۆچکەیە بۆ ١٢ هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

\"10453.jpg\"
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو دیدارە گفتوگۆیەکی هێمنانە و رەخنەیی لە نێوان بەشداران و دەرهێنەران دا لەسەر فیلمە نمایش کراوەکان هاتە ئاراوە.

پانێلی دوانێوەڕۆی دیداری چرا بۆ رێوڕەسمی کۆتایی ئەو دیدارە تەرخان کرابوو کە سەرەتا بەرپرسی تەلەفزیۆنی TRT 6 جەند وتەیەکی لەسەر ئەو دیدارە پێشکەش بە ئامادە بوان کرد. فەتحوڵا کریشان بەرپرسی تەلەفزیۆنی TRT 6 خۆشحاڵی خۆی لەمەڕ پێکهاتی ئەو جۆرە دیدارانە و ساز کرانی فیلم بەزمانی کوردی و نمایش کرانی ئەو فیلمانە دەربڕی و ئاشکارای کرد کە کاناڵی TRT 6 بە تەمایە فێستیڤاڵێکی گەورەت فیلمی کوردی بەڕیوە ببات و بۆ ئەو مەبەستەش داوای لەسەرجەم دیکیۆمێنت سازان و دەرهێنەران کرد کە بەشداریی تێدا بکەن.

دواتر پەیامی لێژنەی باڵای دیداری چرا لەلایەن \"هەڵگورد جوندیانی\" بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی \"وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان\"ەوە خوێندرایەوە.

پاشان پەیامی لێژنەی داوەرانی ئەو دیدارە لەلایەن \"ئەنجلینا سەیدۆ\" پێشکەش کرا، ناوبراو لەو پەیامەدا جەختی لەوە کردبۆوە کە دەرهێنەران بە فیلمەکانیان توانایی و بوونی خۆیان سەلماند.

ئەنجلینا سەیدۆ لە درێژەی ئەو پەیامەدا ئاماژەی بەوەش دا کە ئێوە دەرهێنەران لە شوێنک دا کار دەکەن کە هەمووشتێک لەدەستپێ دایە و بناغەیان بۆ ساز دەکرێت، بۆیە ئێمە پێویستمان بە ئێوە و بەرهەمەکانی ئێوە هەیە.

لە برگەیەکی دیکە دا بەسەرجەم ٢٩ دیکیۆمێنت سازی بەشداری ئەو دیدارە، بەمەبەستی رێز لێنان بڕوانامەیان پێ بەخشرا.

\"10452.jpg\"
پاشان خەڵاتی باشترین وێنەگر پشەکشی ئارام غەفور بۆ دەرهێنای فیلمی قەلە ڕەش، کرا و خەلاتی باشترین مونتێر (ئیدیتۆر) لە فیلمی \"لێرە شارۆچکەیەک هەبوو\" پێشکەشی \"نێروەن تەها \" کرا.

لێژنەی داوەران فیلمی \"رێئاڵ بارسلۆنا\"ی لە دەرهێنانی \"جوبرەئیل ئەبووبەکر \" ناسرو بە \"تۆفان\"ی وەک باشترین بەرهەمی هەرێمی کوردستان و فیلمی \"سنوور و مردن\"ی وەک باشترین بەرهەمی کوردستانی تورکیە هەڵبژارد.

یداری چرا، کە دیدارێکە بۆ نمایش کردنی فیلمی دیکیۆمێنتاری و گفتوگۆ کردن لەسەر فیلمەکان بە پشتیوانیی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی چاپ و بڵاو کردنەوەی سەر بەو وەزارەتە بۆ ماوەی ٤ رۆژ لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان بەڕدەوام بوو.