دیاریکردنی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بۆ ئازادیی سۆعدا خەدیرزادە و درێژەی گوشارەکان بۆ سەر ئەو ژنە زیندانییە

13:00 - 15 پووشپەڕ 2722

لقی ٣ی دادگای کەیفەریی ١ جێگیر لە شاری مەهاباد، بۆ ئازادکردنی کاتیی سۆعدا خەدیرزادە زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری پیرانشار بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی دیاری کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە هەتا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو بارمتە دیاریکراوە لەلایەن لقی سێ دادگای کەیفەریی ١ جێگیر لە شاری مەهاباد جێبەجێ بکەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو سۆعدا خەدیرزادە پاش منداڵبوون لە زیندان بارودۆخێکی نالەباری هەیە و بەرپرسانی زیندان هەوڵێکی وەها بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆخی ئەو زیندانییە سیاسییە و منداڵاکەیان ئەنجام نەداوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "بەهۆی خراپی خواردنی زیندان و نەبوونی ئیمکانات، سۆعدا خەدیرزادە لەگەڵ کەمیی شیر بۆ شیردان بە کچەکەی بەرەوڕوویە".

سۆعدا خەدیرزادە، کە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردان منداڵەکەی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ لەدایک ببوو، پاش ڕۆژێک لە نەشتەرگەریی سزارییەن، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی جۆزەردان بۆ زیندانی ورمێ گەڕێندرابووە.

تۆمارکردنی کاروباری ئیداری و دانی باری کەسیەتی (شناسنامە) بۆ کچەکەی سۆعدا، خراوەتە پاش ئازادبوونی لە زیندان.

بەرپرسانی زیندانی ورمێ، بنەماڵەی "سۆعدا خەدیرزادە"یان لە منداڵەبوونەکەی ئاگادار نەکردبوو و تەنانەت ئەوانیان ئاگادار نەکردبوو کە لە کام نەخۆشخانە نەشتەرگەریی سزارییەنی بۆ کراوە، هەتا یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لەگەڵیدا بێت؛ بەرپرسانی زیندان ژنێکی زیندانییان لەگەڵی بۆ نەخۆشخانە ناردبوو.

سەرەڕای دۆخی نالەباری دووگیانیی سۆعدا خەدیرزادە کە تیمی پزیشکیی ئاماژەی پێ کردووە، داواکاریی بەردەوامی ناوبراو بۆ ئازادیی کاتی، لەلایەن دادسەرای "مەهاباد"ەوە دژایەتیی لەگەڵ کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ، سۆعدا خەدیرزادە لە بەندی "نسوانـ"ـی زیندانی ورمێ مانی لە خواردن و دەوا و دەرمان گرتبوو.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە دژکردەوەیەکدا، لەمەڕ بارودۆخی تەندروستیی سۆعدا خەدیرزادە ڕایگەیاندبوو: "دەسبەسەرکردنی سۆعدا دژایەتیی لەگەڵ پێوەرەکانی دادڕەسیی دادوەرانە هەیە و لە ڕوانگەی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە ئەم کارە خۆسەرانە دێتە ئەژمارە."

پێشتر ئەو هاووڵاتییە لە دوو نامەدا بۆ دادستانی پیرانشار خوازیاری گۆڕینەوەی بڕیاری کاتیی دەسبەسەری بە بارمتەی کردبوو، بەڵام دادستان و بەرپرسی دۆسیەکەی لەگەڵ ئەو داخوازییە دژایەتییان کردبوو.

سۆعدا خەدیرزادە لەو داخوازییەدا ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا لە بارودۆخێکی خراپ لە زینداندایە و بەهۆی زەختی خوێن، تووشبوونی گورچیلەی بە نەخۆشی و پشتئێشە و هەتا دوایی مانەوە لە زیندان ژیانی ئەویان تاڵ کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەی ١٤٠٠ ئەو ژنە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت ئەم هاووڵاتییەیان بە بێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کردبوو.

تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.