دیار عەباسی بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرا

12:01 - 5 خەرمانان 2722

ڕۆژی هەینی ٤ی خەرمانان، دیار عەباسی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "بەرەجۆ"ی بەخشی خەلیفانی شاری مەهاباد، بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ئەو شارە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە هەتا کاتی دادگاییەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

دیار عەباسی ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی پووشپەڕ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ، بۆ زیندانی مەهاباد، ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی لە گۆڕەپانی ئیستقلالی مەهاباد، ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

دیار عەباسی پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیران بووە کە دواتر گەڕابووەوە بۆ ئێران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گیران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.