دیاردەی کیف دزین لە بۆکان پەرەی ئەستاندووە

21:17 - 22 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: ماوەی چەند رۆژێکە دیاردەی کیف دزینی ژنان، لە شاری بۆکان سەری هەڵداوە و هەتا ئێستا چەندین ژن بوونەتە قوربانیی ئەم دیاردەیە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی سێشەممە ریکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە ژنێک بەناوی \" بەیان فەیزوڵڵا پور\" لە کاتی گەڕانەوە لە بازار و لە فەلەکەی \"مادەر\"ی شاری بۆکان، لەلایەن ٢ کەسی ماتۆڕ سوارەوە کیفەکەی رفێندراوە و زیاتر لە ١٠ میتر بە دوای خۆیاندا رایان کێشاوە و سەرەرای دزرانی کیف و پارەکەی، ناوبراو بە توندی بریندار بووە.

هەرلەو پەیوەندییەدا چەند رۆژ پێش ئێستا \"زوهرە شێرزاد\" تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان لە رووداوێکی هاوشێوەدا بە توندی بریندار بوو کە پاش ٨ رۆژ لەو رووداوە، بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە، لە نەخۆشخانەی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە کەس یان کەسانێک وەک تاوانبار و ئەنجامدەری ئەو کارە شناسایی نەکراون.