دیاردەی کوشتنی ئەسپی کاسبکاران لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە درێژەی هەیە

14:15 - 14 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی جارێکی دیکە لە سنووری شاری پیرانشار، دەستیان دایە کوشتنی ئەسپی کاسبکاران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەر، ١٦ سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکاران بە تەقەی مەئموورانی ئینتزامیی حکوومەتی ئێران لە ناوچەی سنووری گوندی \"زێوکە و ماشکان\"، لە ناوچوون.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لەو ناوچەیە، هەروەها دەستیان بە سەر ٤ سەر ئەسپی کاسبکاران داگرت.

لە دوای ئەوەیکە کوشتنی ئەسپی کاسبکاران بە کۆمەڵ لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پەرەی گرتووە، قسەی هێزە نیزامییەکان بۆ کوشتنی ئەسپی کاسبکاران ئەوەیە کە \"ئێمە ئەو ئاژەڵانە دەکوژین هەتا خەڵک بۆ بە ئاوێری کردنی سنووری و قاچاغ کەڵکیان لێوەرنەگرن\".

بە وتەی چالاکانی مەدەنیی، هاووڵاتییانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە گشتیی لە چین و توێژی کەم داهاتی کۆمەڵگا بە ئەژمار دێن، ئەسپ و مەڕ وماڵات تەنیا سەرچاوەی داهاتی ئەوان به ئەژمار دێن.