دیاردەی \"منداڵانی ئیجارەیی لەشەقامەكانی ورمێ‌\" روو لەزیاد بوونە

15:29 - 22 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی كوردپا: لە ورمێ‌منداڵانی كار لەرێگەی كرێ و دانی پارەیەكی كەم بۆ چەند كاتژمێر لەلایەن هەلپەرەستانەوە كاری سواڵكەریان پێ‌دەكرێ.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ژمارەیەك كەسی هەڵپەرەست لەورمێ‌كە زۆربەشییان ناخۆجێین منداڵان بۆ كاری سواڵكەری بەكار دێنێن.

داهاتی رۆژانەی هەر سواڵكەرێك لەورمێ‌بە شێوەی نێوەنجی ٥٠ هەزار تمەنە.

ئەندامێكی شۆرای شاری ورمێ‌وێڕای پشتڕاستكردنەوەی ئەو هەواڵە وتوویەتی: سواڵكەرەكان لەهێندێ‌لەناوچە پڕ حەشیمەتەكانی شار منداڵان بە ئیجارە دەگرن و بۆ چەند كاتژمێر كاری سواڵكەرییان پێدەكەن.

ماڵپەڕی \"اروم نیوز\" لەوتووێژ لەگەڵ مێهران حاجیلوو وێڕای بە هەژێنەر لەقەڵەم دانی ئەو دیاردەیە رایگەیاندووە، ئەو دیاردەیە زیاتر وەكوو كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لێهاتووە و چارەسەركردنیشی پێویستی بە توێژینەوەی زانستیی هەیە.

شارێیانی \" خاتم الانبیا \"، دەرورووبەری شەقامی ئەبووزەر و هێندێ‌لە گەڕەكە پڕ حەشیمەتەكانی شار لەو شوێنانەن كە حوزووری منداڵانی ئیجارەیی تێیاندا زۆر بەرچاوە.

پێشتریش هەواڵدەریی ئیسنا هەواڵی دابین كردنی بژێوی ژیانی كچێكی بەناوی لەیلا لەرێگەی سواڵكردنەوە بڵاو كردبوویەوە و رایگەیاندبوو، ئەو كچە خۆی بەشێوازی كوڕ دەرهێناوە و سەرقاڵی سواڵكەری بووە.

هەروەها رەشەممەی ساڵی رابردوو بەرپرسی پێوەندییە گشتیەكانی شارەوانی كرماشان پێشنیاری كردبوو كە لە وزە و تواناكانی منداڵان بە مەبەستی پێشوازی لەمیوان و گەشتیارە نەورۆزییەكاندا كەڵك وەربگیرێت و ئەو پێشنیارە دواتر لەگەڵ دژكردەوەی توندی چالاكانی بواری مافی منداڵان بەرەوڕوو بوویەوە.

بەپێی دوایین راپۆرتەكانی رێكخراوی بێهزیستی، لە سەدا ٧٥ی منداڵانی سەر شەقام خاوەنی بنەماڵەن و لەو كەسانەشن كە پشتیوانی هیچ ناوەندێكیان لەپشت نیە.

یەك هەتا دوو ملیۆن منداڵی سەرشەقام لەئێران بوونی هەیە.

هەژاری و دەسكورتی بنەماڵەكان لە هۆكارە سەرەكییەكانی منداڵانی كار و سەرشەقامن.