دیاردەی دزینی ئۆتۆمبێل لەسنە و بێدەنگی ناوەندە پێوەندیدارەکان

14:27 - 29 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ماوەیەکە دیاردەی دزینی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان لەشاری سنە قوناغێکی تازەی بە خۆیەوە بینیوە و رووی لەزیاد بوون کردووە، بەچەشنێک کە لەماوەی یەک حەفتەدا ٢٤ دەزگا ماشێن دزراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دزینی ئۆتۆمبێل لەشاری سنە تەنگی بەخاوەن ماشێنەکان هەڵچنیوە و باس لەوە دەکرێت کە لەزۆربەی حاڵەتەکاندا بە رۆژی رووناک ماشێنەکان دەدزرێن و هیچ لایەنێکیش لەو بارەیەوە وڵامدەر نیە.

یەکێک لەو هاووڵاتیانەی کە ئۆتۆمبێلەکەی دزراوە بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، \" لەشاری سنە ئەو دیاردەیە بە رادەیەک رووی لەزیاد بوون کردووە کە ترسی ئەوەمان هەیە خۆشمان بڕفێنن\".

ئەو هاووڵاتییە ئاماژەی بەوەش کردووە، لەماوەی یەک حەفتەی رابردوودا ٢٤ ئۆتۆمبێل لەناو شاری سنە دزراوە.

هەوالنێری کوردپا لەشاری سنە پاش بە دواداچوونی ورد بۆ ئەو پرسە و وەرگرتنی قسەی خەڵک، بۆی دەرکەوتووە کە ئۆتۆمبێلەکان پاش ئەوەی دەدزرێن، ئەو کەلوپەلەی کە بەکار دێن و بۆ فرۆش دەبێت هەڵیدەگرن و ماشێنەکان لەدووری شار و کۆڵانەکانی بەهارستان فرێ دەدەن.

زەبت، تایە بە رینکەوە، باتری و ... چەندین شتی دیکە لەو کەلوپەلانەن کە لەماشێنە دزراوەکان لێدەکرێنەوە.

لەدرێژی راپۆرتەکەی هەواڵنێری کوردپادا هاتووە، لەهێندێ حاڵەتی دیکەدا دزەکان ئۆتۆمبێلە مودیل باڵا و سفرەکان دەدزن و دواتر بەشێوەی پارچەپارچە \" ئەوراق\" دەیفرۆشنەوە کە داهاتێکی زۆر باشی بۆیان هەیە.

لەراپۆرتەکەدا و لەزاری هاووڵاتیانەوە ئەوەش خراوەتەڕوو، دیاردەی دزینی ئۆتۆمبێل پێشتریش لەسنە هەبوو بەڵام لەماوەی یەک حەفتەی رابردوودا رووی لە پەرەسەندن کردووە.

باس لەوە کراوە کە دزینی ئۆتۆمبێلەکان لەزۆربەی حاڵەتەکاندا بەشێوەی یەک یان دوو کەسی ئەنجام دەدرێن و پاشانیش کەسانێکی دیکە کە حاڵەتی باندیان هەیە پێوەیان پەیوەست دەبن و ئەگەر ماشێنەکە نوێ بێت ئەو ە ئەوراقی دەکەن.

بەدواداچوونەکانی هەواڵنێری کورپا دەریخستووە کە خاوەن ماشێن و بەشێک لەهاووڵاتیانیش لەو دیاردەیە نیگەرانن، هەروەها رەخنەی زۆر توندیشیان لە ناوەندە ئینتزامییەکانی شاری سنە هەیە.

ئەو هاووڵاتیانە وتوویانە، لەچەندین حاڵەتدا پێش هاتووە کە دزەکە شوناسی دیار بووە و بە ناوەندە ئینتزامی و پێوەندیدارەکانیش راگەیەندراوە کە چی ئەوان هیچ هەوڵێکیان بۆ دەستگیر کردنی نەداوە.

بە باوەڕی کارناسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەشە نەسەندنی ئابووری ئێران و بایەخ نەدان بە بووژاندنەوەی ئابووری کوردستان لەهۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی دیاردەی لەم چەشنەن.

ئەو شارەزایانە پێیان وایە کە نەبوونی هەلی کار و نەرەخساندنی هەلی کاری یەکسان زۆر جار خەڵک ناچار دەکات کە دەست بۆ دزی ببات.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان لەئێران ٦ ملیۆن کەس بێکارن و لەماوەی شەش ساڵی داهاتووشدا ئەگەری ئەوە هەیە ئەو رێژەیە بگاتە ١٠ ملیۆن کەس.

ماوەیەک لەمەوبەریش وەزیری کاری دەوڵەتی رۆحانی باسی لە پلانڕێژی و رەخساندنی هەلی کار کردبوو و وتبووی: بۆ کۆنترۆڵ کردنی قەیرانی بێکاریی پێویستە لە هەر ساڵێکدا ئابووریی ئێران لەسەدا ٧ گەشە بکات.

لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا گەشەی ئابووری ئێران سفر بووە.