دیاردەی تەڵاق لە کوردستان رووی لە زیادبوون کردووە

20:01 - 29 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: دیاردەی تەڵاق لە پارێزگای کوردستان لە ماوەی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ٦% زیادبوونی بە خۆیەوە بینیوە.

هەواڵدەریی فارس لەزاری \"عەبدوڵڵا خەسرەوزادە\" بەرپرسی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسێتیی پارێزگای کوردستان\"ەوە بڵاوی کردەوە، لە ماوەی ٨ مانگی ساڵی پێشوودا ٢ هەزار و ٦ حاڵەتی تەلاق دان لە پارێزگای کوردستان تۆمار کراوە کە ئەو رێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ئەمسال بۆ ٢ هەزار و ١٩٧ حاڵەت زیادی کردووە.

ئەو بەرپرسە راشیگەیاند: رێژەی هاوسەرگیری لە پارێزگای کوردستان ٨% دابەزیوە و ئاماژەی بەوەش دا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی خەزەڵوەر ١٢ هەزار ٦٣٤ حاڵەتی هاوسەرگیری تۆمار کراوە لە کاتێکدا ئەو رێژەیە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوودا ١٣ هەزار و ٧٥٧ حاڵەت بووە.

عەبدوڵڵا خەسرەوزادە لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، رێژەی لەدایک بوونی منداڵان لە ماوەی ئەو ٨ مانگەی ئەمساڵدا بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو ٣.١% زیادی کردووە کە بە شێوەی نێونجی لە هەر شەو و رۆژێکدا ٧٥ منداڵ لە پارێزگای کوردستان لەدایک دەبن.

ناوبراو رایگەیاند: بەداخەوە خەڵکێکی زۆر خوازیاری گۆڕینی ناوی منداڵەکانیانن، هۆی ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ناشارەزایی هاووڵاتیان بۆ کاتی دیاری کردنی ناوی منداڵەکانیان و ئەوەشی خستەڕوو لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە ٤١٥ حاڵەت خوازیاری گۆڕینی ناوی منداڵەکانیان بوون لە کۆی ئەو رێژەیە ٢١٧ حاڵەت رازامەندیی ئێمەی لەسەر بووە.